Sarmand Hameed
16 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی باڵای ئەمریکی کرد کە پێکھاتبوو لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی نزیک بە وەکالەت، جۆوی ھوود و نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا بەوەکالەت، ئەیمی کەترۆنا و بەڕێوەبەری کاروباری سووریا و عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، زەھرا بێل.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و سوریا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا کراوه.
ههروهها شاندی میوان جەختی لە بەردەوامبوونی ھاوکاریکردنی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش کردووهتهوە و ئاماژە بە گرنگیی کاراکردنی سەنتەری ھەماھەنگیی ھاوبەش کراوه لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، تیشک خراوهته سەر پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و گرنگیی پابەندبوون بە یاسای بوودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی دۆخی سووریا کراوه و ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکانی سوریا کردووهتهوه لەپێناو برەودان بە ئازادی کاری سیاسیی و فرەلایەنی و ھاوبەشیکردن لە دەسەڵاتدا.
لە تەوەرێکی دیکەدا ھەردوولا پشتیوانی خۆیان بۆ ئازادی کاری راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەربڕیوه کە سیمایەکی گەشی ھەرێمی کوردستان و ھەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتە.
له راگهیهندراوهكهدا باس لهوهكراوه كه، لە سەر کەیسی حوکمدراوانی بادینان، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوه کە ئەوە بابەتێکی یاساییە و لەو چوارچێوەیەدا ھەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت و پشتیوانیی و رێز و پێزانینی خۆشی بۆ کاری دیپلۆمات و نێردە دیپلۆماتییەکان لە ھەرێمی کوردستان دەربڕیوه.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردووهتهوه کە رەفتارە نایاساییەکانی حوکمدراوان و خراپ بەکارھێنانی پەیوەندییەکانیان، بە ھیچ شێوەیەک گومان لە سەر لایەنە دیپلۆماتییەکان دروست ناکات.
مەسرور بارزانی جەختی لەوەشکردووهتهوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاری دیپلۆماتکارانی ناو ھەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت و ھەموو ئاسانکارییەکی پێویستیان پێشکەش دەکات.