Sarmand Hameed
30 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی لە سەرۆکی نێردەی راوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، کریستۆف بویک کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا سەرۆکی نێردەی راوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق تیشکی خستە سەر ئەرکەکانی نێردەکەی کە لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە لە عێراقن بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاریی راوێژکاری لە بواری ئەمنی و ئەنجامدانی چاکسازی لە ھێزەکانی ناوخۆدا.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی ھەماھەنگیی لە نێوان دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نێردەی راوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کرا بەتایبەتی لە بواری راھێنان و ھاوکاریکردنی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان لە رووبوونەوەی تاوانی رێکخراو و تیرۆر. ھەروەھا ئاماژە بە گرنگیی پێشخستنی ستراتیجیی ئەمنی کرا لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و رێگریکردن لە توندڕەوی.
لەلای خۆیەوە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئامادەیی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ ھەر ھەماھەنگییەکی پێویست لە گەڵ نێردەی راوێژکاریی یەکێتی ئەورووپا لە عێراق دەربڕی و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە ئەرکەکانیاندا.