Muhammet Ali Kemal
22 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2016
لەنیوەی یەکەمی ئەمساڵدا پەنابەران 592 هەزار و 800 داواکارییان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیی ئاراستەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کردووە.
دامەزراوەی ئاماری یەکێتیی ئەورووپا داواکارییەکانی بەمەبەستی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیی لەچارەکی دووەمی ساڵی 2016دا، بڵاوکردەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دامەزراوەکە، لەچارەکی یەکەمی ئەمساڵدا داواکاریی مافی پەنابەرێتیی 287 هەزار و 85 داواکاریی بووە، بەڵام لەچارەکی دووەمدا ئەو ژمارەیە بەرێژەی لەسەدا شەش بەرزبووەتەوە و بووەتە 305 هەزار و 715 داواکاریی. بەوشێوەیەش لەنێوان مانگەکانی کانوونی دووەم تاوەکو حوزەیرانی 2016دا وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا 592 هەزار و 800 داواکارییان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیی ئاراستەکراوە کە خاوەنەکانیان یەکەمجارە داواکاریی لەوجۆرە پێشکەشدەکەن.
لەنێو ئەو پەنابەرانەشدا کە لەچارەکی دووەمی ئەمساڵدا داواکارییان بەمەبەستی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیی ئاراستەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کردووە، سوورییەکان بە پلەی یەکەمدا دێن. لەو ماوەیەدا 90 هەزار و 500 سووریی داواکارییان پێشکەشی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کردووە بەمەبەستی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیی. لەدوای سوورییەکانەوە، ئەفغانییەکان بە پێشکەشکردنی 50 هەزار و 300 داواکاریی لەپلەی دووەمدا دێن و لە پلەی سێهەمیشدا عێراقییەکانن کە 34 هەزار و 300 داواکارییان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیی ئاراستەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کردووە.
لەچارەکی دووەمی 2016دا، ئەڵمانیا زۆرترین داوکاریی ئاراستەکراوە لەنێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپادا. بەشێوەیەک زیاتر لەنیوەی داواکارییەکانی بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیی ئاراستەی ئەو وڵاتە کراوە. لەو ماوەیەدا 187 هەزار کەس داواکاریی پێشکەشی ئەڵمانیا کردووە. لەکاتێکدا 27 هەزار داواکاریی بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیی ئاراستەی ئیتاڵیا، 17 هەزار و 800 داواکاریی ئاراستەی فەرەنسا و 14 هەزار و 900 داواکاریی ئاراستەی هەنگاریا و 12 هەزار داواکاریی ئاراستەی یۆنان کراون.