Sarmand Hameed
22 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپێیۆ پێگەیشت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا مەسرور بارزانی و مایک پۆمپیۆ بە درێژی گفتوگۆیان دەربارەی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کورستان و حکوومەتی فیدراڵی کرد، بەتایبەتی سەبارەت بە بابەتی بوودجە.
بە گوێرەی راگەیاندراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، مەسرور بارزانی لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ مایک پۆمپیۆ پێشنیازی کردووە کە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، بە شێوەیەکی کارا و لە ئاستێکی باڵادا، بەشداربن لە چارەسەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی ھەڵوێستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کردووە کە خوازیارە ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەشی خۆی لە بوودجەی فیدراڵی بەرکەوێت. ھەروەھا سوپاسی پۆمپێیۆی کردووە بۆ پشتیوانی بەردەوامیی لە ھەرێمی کوردستان لەماوەی کارکردنیدا.
لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان مەسرور بارزانی و مایک پۆمپیۆدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرایەوە، بە تایبەتی لە بواری وزەدا.
سەرۆکی حکوەمەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوونی یارمەتییەکانی ئەمریکا کردووە بۆ ھێزی پێشمەرگە و ھەروەھا یارمەتییە تەکنیکییەکانی USAID.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان مەسرور بارزانی و مایک پۆمپیۆدا ئاستەنگەکانی بواری سەقامگیریی ئەمنیی لە ناوچەکە و نەھێشتنی گرژییەکان لەسەر سنووری ھەرێمی کوردستان و سووریا و گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال تاوتوێ کران لە پێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.