جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ حکوومەتی فیدڕالی لەسەر بوودجەی گشتی ٢٠٢١ گەیشتوونەتە رێککەوتن.
قوباد تاڵەبانی کە سەرۆکی شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و ماوەی زیاتر لە ١٥ رۆژە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی بەتایبەت لەسەر پرسی دارایی لە بەغدایە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا زانیاری لەبارەی گفتوگۆ و دانوستانەکانی شاندەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدڕالی خستەڕوو.
قوباد تاڵەبانی گوتی: "ئەمە دوو ھەفتەیە شاندی ھەرێم لە بەغدایە. خۆشبەختانە توانیوومانە لەسەر بوودجەی ٢٠٢١ رێکبکەوین. ھیوادارم ئەم سەرکەوتنە ببێتە مایەی تێپەڕاندنی لە پەرلەمانی عێراق. یاساکە توانیوویەتی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بپارێزێت. گفتوگۆشمان لەسەر جێبەجێکردنی یاسای کورتهێنانی بوودجەی ٢٠٢٠ کردووە.
قوباد تاڵەبانی باسی لە ئامانجی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێم بۆ بەغدا کرد و گوتی: "ئێمە ھاتین بۆ بەغدا بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، لەگەڵ پەرلەمان و حکوومەت و کەسایەتییە سیاسییەکان کۆبووینەتەوە و دانوستانمان لەسەر یاساکە نەکردووە، قسەمان لەسەر جێبەجێکردنی کردووە".
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "لە بەرامبەر دوو مەرجی رادەستکردنی داھاتی نەوت و داھاتی نانەوتی، بۆ ھەردوو بابەت قسەمان لەسەر جێبەجێکردنی کردووە و بەرامبەر بەو مەرجانە لە ٢٦ ترلیۆن دینار قەرز، ھەرێم پشکێکی ھەیە، تا ئێستا بەداخەوە تا ئێستا پشکی ھەرێم دەستنیشان نەکراوە. چاوەڕێی وەڵامی بەغداین بۆ ئەوەی بزانین، پشکی ئێمە چەندە. ھیوادارین بەر لە کۆتایی ساڵ وەڵامێکمان لە بەغداوە پێ بگات لە بارەی پشکی ھەرێم".
قوباد تاڵەبانی پەیوەست بەپشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بوودجە گوتی "بەگوێرەی پێشبینی ئێمە پشکی ھەرێم کەمترە لەو رێژەیەی ئێمە بە حەقی خۆمانی دەزانین، بەڵام ئەوە پرۆسەیەکە چەندین ساڵە بەردەوامی ھەیە کە پشکی ھەرێم بەرێژەی لەسەدا ١٢.٦٧ لە بوودجە دیاریکراوە، لەکاتێکدا ساڵانی پێشوتر رێژەکە بە لەسەدا ١٧ دیاریکرابوو".
قوباد تاڵەبانی باسی لەو بڕە پارەیە کرد کە حکوومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٠دا بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە و گوتی: "لە ٢٠٢٠ ھەرێمی کوردستان تەنیا شەش جار مووچەی بۆ نێردراوە. لە مانگی ئاب، رێککەوتنمان ھەبووە لەگەڵ حکوومەت و دەبوایە تا پەسندکردنی بوودجەی ٢٠٢١ حکوومەتی فیدڕالی مووچەی هەرێمی کوردستانی ناردبایە، بەڵام بە پەسندکردنی یاسای پڕکردنەوەی کورتھێنانی بوودجە دابڕانێک لە ناردنی پشکی ھەرێم درووست بووە و ھیوادارین تا کۆتایی ساڵ، پشکی ھەرێم لە قەرزەکە رەوانەی ھەرێم بکرێت".
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد کە بوونی فشاری سیاسی لەسەر حکوومەتی عێراق بۆ پابەندنەبوون بەرێککەوتن لەگەڵ ھەرێم "بۆ ئێمە بابەتێکی نوێ نییە و ئەو لایەنانە لەرابردووشدا بوونەتە ھۆی بڕینی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان لەدوای ساڵانی ٢٠١٤ تا ساڵی ٢٠١٨ کە لەو ماوەیەدا بوودجەی کوردستان بەتەواوی بڕدرا.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، "ناحەقییەک بەرامبەر ھەرێمی کوردستان ھەیە کە زۆرجار دەگوترێت لەبەر تەمویلکردنی کوردستان غەدر لە بەشەکانی دیکە عێراق دەکرێت، ئەوە تۆمەتێکی بێ بنەمایە بەبەڵگەی ئەوەی ئەو چوار ساڵەی بوودجە بۆ کوردستان نەنێردرا، پارەکەی چی لێکرا و چ خزمەتگوزارییەک بەناوچەکانی دیکەی عێراق کرا".
سەرۆکی شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان هۆشدارییدا لەوەی ساڵی ٢٠٢١ ساڵێکی قورس دەبێت و رایگەیاند "پێویستمان بەوەیە بەیەکەوە کار بکەین و بەیەکەوە رووبەڕووی ھەڕەشەکان ببینەوە. پێویستمان بەوەیە، یەکڕیزی نیشتمانیمان ھەبێت و ھیوادارم لە زاخۆوە تا بەسرە لایەنە سیاسییەکان بە یەک دەست و یەک ئامانج کار بکەین بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا".
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: "گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بە گیانی لێبووردانە بوون و شکستیان نەهێناوە".
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی گوتیشی "دانوساندن گوزارشت نییە لە خۆم، من نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان دەکەم".