مۆسکۆ: "ئەگەری ھەیە گرینلاند ببێت بە بەشێک لە خاکی ڕووسیا"
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا، ڕایگەیاند کە ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ پەلە نەکات لەوەی دوورگەی گرینلاند بلکێنێت بە وڵاتەکەیەوە، ئەوە ئەگەری ھەیە دوورگەکە لە ڕێگای ئەنجامدانی گشتپرسییەوە، ببێت بە بەشێک لە خاکی ڕووسیا.
Moskova
مۆسکۆ ــ AA
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا، دیمیتری مێدڤێدیڤ ڕایگەیاند کە ئەگەری ھەیە دوورگەی گرینلاند لە ڕێگای گشتپرسییەوە ببێت بە بەشێک لە خاکی ڕووسیا.
دیمیتری مێدڤێدیڤ لە ھەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەبارەی ھەنگاوەکانی ئەمریکا سەبارەت بە گرینلاند، نووسیوویەتی: "ئەگەری ھەیە ھەنگاوەکانی ئەمریکا سەبارەت بە گرینلاند سوودبەخش بن بۆ گۆڕینی ئاووھەوای جیھان".
ڕاشیگەیاندووە: "پێویستە دۆناڵد ترەمپ پەلە بکات بۆ لکاندنی گرینلاند بە خاکی ئەمریکاوە، ئەگەر نا ئەوە بەپێی زانیارییە پشتڕاست نەکراوەکان، ئەگەری ھەیە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا گشتپرسییەک ئەنجام بدرێت و سەرجەم دانیشتووانی گرینلاند کە ژمارەیان ٥٥ ھەزار کەسن دەنگ بدەن بۆ ئەوەی دوورگەکەیان ببێت بەشێک لە خاکی ڕووسیا و ئەو کات ھەموو شتێک کۆتایی پێ دێت".
پێشتر سەرۆکی ئەمریکا، دۆنالد ترەمپ ڕایگەیاندبوو: "ئەگەر گرینلاند نەبێت بە بەشێك لە خاكی وڵاتەكەمان، ئەوە ڕووسیا یان چین دەستی بەسەردا دەگرن، بەڵام ئەو ڕوونادات تا ئەو کاتەی من سەرۆکی ئەمریکابم".
