Yusuf Özcan
09 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2022
پاریس - AA
سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند کە چارەسەری بەرجەستە بۆ قەیرانی ئۆکراینا-رووسیا دۆزراوەتەوە.
ئێمانوێل ماکرۆن، لە کیێڤ پایتەختی ئۆکراینا، لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکە، ڤلادیمیر زیلینسکی کۆبوویەوە و لەدوای کۆبوونەوەی دووقۆڵی نێوانیان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ئەنجامدا.
سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی بەوە کرد کە دوێنێ لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کۆبووەتەوە بەڵێنی بۆ رێزگرتن لە رێککەوتننامەکانی مینسک نوێ کردووەتەوە و ئەوەی گوتووە کە نابێتە ھۆکاری زیادبوونی گرژییەکان و راشیگەیاند کە زیلینسکی بەڵێنی داوە کە ئەم رێککەوتننامانە جێبەجێ بکەن.
ئیمانوێل ماکرۆن، ئاماژەی بەوە کرد کە مەترسیی لە زیادبوونی گرژییەکانی سەرسنووری ئۆکراینا ھەیە و ئەوەی خستەڕوو کە ئامانجیان لە سەردانەکەی بۆ رووسیا و ئۆکراینا بنیاتنانی سستەم، سەقامگیریی و ئاسایشە لە کیشوەری ئەورووپا.
سەرۆکی فەڕەنسا جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو کۆبوونەوانەی کە لەگەڵ پوتین و زیلینسکی ئەنجامیداوە رێگای بۆ ئەنجامدانی پێشکەوتن بە ئاراستەی بەرپاکردنی سەقامگیریی و ئاسایش لە ناوچەکەدا فەراھەم کردووە.
ئیمانوێل ماکرۆن، ئەوەشی خستەڕوو کە چارەسەری بەرجەستە بۆ قەیرانی ئۆکراینا-رووسیا دۆزراوەتەوە و لەسەر ئەم بابەتەش لەگەڵ زیلینسکی و پوتین گفتوگۆی کردووە.
سەرۆکی فەڕەنسا راشیگەیاند کە دەیانەوێت لە ماوەی ھەفتە و مانگەکانی داھاتوودا دۆخەکە ئاسایی بێتەوە و گرژییەکان بەشێوەیەکی جێگیر کەمببێتەوە و جەختی لەسەر گرنگی یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا کردەوە.