???
24 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2017
ھەولێر - AA
ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانویل ماکرۆن لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی کرد.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە ، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ماکرۆن نیگەرانیی خۆی لە بارودۆخ و گرژییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا نیشاندا و داوای ئەوەی کرد کە ھەردوولا دان بەخۆیاندا بگرن و شەڕ و پێکدادان دروست نەبێ و جەختیشی لەوە کردەوە کە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان گفتوگۆ و دانوساندنە.
ھەر لەو پەیوەندییەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بارودۆخ و ڕووداوەکانی ئەو دواییەی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ سەرۆکی فەڕەنسا شی کردەوە.
جێگەی ئاماژەپێکردنە بڕیارە سەرۆکی فەڕەنسا لەمبارەیەوە لە ھەوڵی خۆی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی ھەردوولا ھەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەری کێشەکانیان بکەن.