Tuğçenur Akgün
06 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2023
واشنتۆن – AA
لە گەڕی حەوتەمی دەنگدانیشدا نەتوانرا سەرۆکێک بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەڵببژێردرێت.
دوای هەڵبژاردنی ناوهندیی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، چاوەڕێ دەکرا لە ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ قۆناغی نوێی یاسادانان دەست پێ بکات، بەڵام کۆمارییەکان سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی ئەنجوومەنەکە پێکدەهێنن جارێکی دیکە نەیانتوانی سەرۆکێک هەڵببژێرن.
گەڕی حەوتەمی دەنگدان کە لە سێیەم رۆژی دەنگدانەکە بەڕێوەچوو، سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکان، کیڤن مهکارتی دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک.
كیڤن مهکارتی، ئەم جارەیان ٢٠١ دەنگی بەدەستهێنا و ئەو ١٩ ئەندامی کۆمارییەی کە سوورن لەسەر ئەوەی دەنگی پێنەدەن، دەنگیان بە بایرۆن دۆناڵدز دا.
هاوکات، تەواوی ئەو ٢١٢ ئەندامەی دیموکراتەکان دەنگیان خستە پاڵ سەرکردەی پارتەکە، حەکیم جێفریس.
لە کاتێکدا یەکێک لە ئەندامەکان هیچ دەنگی نەدا، ئەندامی کۆماری مات گایتزی سەرەڕای ئەوەی ئەندامی ئەنجوومەنەکە نییە دەنگی بە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆنالد ترەمپ دا.
- یاسادانان لە ئەمریکا راوەستاوە
بههۆی سوێند نەخواردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا له ئهنجامی هەڵنەبژاردنی سەرۆکێک بۆ ئەنجوومەنەکە، هێشتا باڵێکی کۆنگرێس دەستی بە چالاکییەکانی نەکردووە.
لەبەر ئەم هۆکارە دەسەڵاتی یاسادانانی دەوڵەتی فیدڕاڵی کە لە سێ دەسەڵاتی سەرەکیی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری پێکدێت گەیشتووەتە خاڵی راوەستان.
لەم حاڵەتەی ئێستادا، ئەندامەکان ناتوانن چالاکییە تەشریعییەکانیان لە دۆخی نائاسایی یان قەیراندا ئەنجامبدەن. ئەمەش لە نێو رای گشتیی ئەمریکادا بە "تاقیکردنەوەی دیموکراسی"، "دانانی حەزە سیاسییە کەسییەکان لەپێش بەرژەوەندی گەل" هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.
ژمارەیەکی زۆر ئەندامی ئەنجوومەنەکە سەرنج بۆ ئەوە رادەکێشن کە ئەم دۆخە "بۆ وڵاتەکە باش نییە" و داوا دەکەن کە بە زووترین کات سەرۆکێک بۆ ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرێت.
ئەندامەکان بە تایبەتی جەخت لەوە دەکەنەوە کە لەبەر کارنەکردنی لیژنەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایش، ئەگەری هەیە کۆسپ بکەوێتە بەردەم ئیدارەدانی وڵاتەکە.
ئەندامی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، مایک گالاگێر لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی ئەندامی لیژنەی هەواڵگرییە بەڵام پاسەوانانی ئەنجوومەنی نوێنەران بە بیانووی ئەوەی کە "هێشتا رێگەپێدانی نییە" نەیانهێشتووە ئامادەی کۆبوونەوەیەک بێت کە سەرۆکی ئەرکانی سوپاش ئامادەی بووە.
لەلایەکی دیکەوە، ژمارەیەکی زۆر ئەندامی کۆماریی ئەنجوومەنی نوێنەران باس لەوە دەکەن کە بەهۆی دەسبەکارنەبوونیان لەبەر هەڵنەبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە "ئیدارەی بایدن بێ چاودێری ماوەتەوە".
- ناکۆکییەکانی نێوان کۆمارییەکان بەردەوامە
لە میانی ١٠٠ ساڵی رابردوودا یەکەم جارە نەتواندرێت لە میانی حەوت دانیشتندا دەنگی پێویست بەدەست بهێندرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران.
سەرەڕای پشتیوانیکردنی بەهێز لە كیڤن مهکارتی لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپەوە، بەڵام ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران له کۆمارییەکان بەردەوامن لە دەنگنەدان بە مهکارتی.
نزیکەی ٢٠ ئەندامی موحافەزەکاری کۆمارییەکان مهكارتی بە "پیاوی سیستمی دامەزرێنەر" تاوانبار دەکەن و لە بابەتەکانی وەکو بوودجە، باجەکان، پاراستنی سنوورەکان و ماوەی ئەرکی ئەندامانی کۆنگرێس متمانەیان پێی نییە.