Cüneyt Karadağ
06 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2023
بەرلین-AA
راگەیەندرا کە ئەڵمانیا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "پاتریۆت" و زرێپۆشی جەنگیی جۆری "ماردەر" دەداتە ئۆکراینا.
راوێژکاریی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئۆلاف شۆڵتز، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "پاتریۆت" و زرێپۆشی جەنگیی جۆری "ماردەر" دەداتە ئۆکراینا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەردوو سەرکردەکە بیروڕایان لەبارەی دەستدرێژییەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا ئاڵوگۆڕ کردووە و پشتیوانی خۆیان بۆ سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاک و سەروەریی ئۆکراینا دووپاتکردووەتەوە.
هاوکات ئەوەش خراوەتەڕوو کە بایدن و شۆڵتز پێداگریی خۆیان بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دارایی، مرۆیی، سەربازیی و دیپلۆماتی بۆ ئۆکراینا تا ئەو کاتەی پێویست بکات، راگەیاندووە و هەر بۆ ئەم مەبەستەش ئەمریکا زرێپۆشی جەنگیی جۆری برادلیی و ئەڵمانیا زرێپۆشی جۆری ماردەر بۆ ئۆکراینا دابین دەکەن. هەروەها هەردوو وڵات پلانیان وایە لەسەر سیستەمی پەیوەندیدار مەشق و راهێنان بە هێزەکانی ئۆکراینا بکەن.
بە ئاماژەدان بەوەی کە هەردوو سەرکردە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی توانای بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا لە بەرامبەر هێرشە مووشەکی و هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ سەر ژێرخانە گرینگەکانی ئۆکراینا، راگەیەندراوە کە هەروەک ئەمریکا لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمدا بەڵێنیی دابوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "پاتریۆت" بۆ ئۆکراینا دابین بکات، ئەڵمانیاش پاتریی سیستەمەکە بە ئۆکراینا دەدات.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە بایدن و شۆزلتز خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیووە بەرامبەر بەو پاڵپشتییە سەربازییەی کە لەلایەن هاوپەیمان و هاوبەشەکانی دیکەوە پێشکەش بە ئۆکراینا کراوە.