Enes Canlı
09 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2024
قودس - AA
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو کە ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن کرد.
ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی X، وێنەیەکی تیمی سەرۆکوەزیرانی بڵاو کردووەتەوە کاتێک لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن گفتوگۆ دەکەن.
بە پێی میدیای ئیسرائیلی، گفتوگۆ تەلەفۆنییەکە ٥٠ خوولەکی خایاندووە.
تا ئێستا لە ناوەڕۆکی گفتوگۆ تەلەفۆنییەکە هیچ زانیارییەک نەدرکاوە.
ماڵپەڕی هەواڵی Wallaی ئیسرائیلی ئەمڕۆ بڵاوی کردبوویەوە کە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پرسی وەڵامی ئیسرائیل بۆ هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. ڕاشیگەیاندووە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و هەروەها کەرتی غەززەش تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان ناتانیاهو و بایدن دەبن.
ماڵپەڕەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هەردوو سەرکردە دوای دوو مانگ لە بوونی ساردییەک لە نێوانیاندا گفتوگۆ دەکەن.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ ماڵپەڕی هەواڵی Wallaی ڕاگەیاندووە کە وەڵامی ئیسرائیل بۆ ئێران "گرنگ" دەبێت و ئەگەری هەیە جگە لە بە ئامانجگرتنی ناوەندە سەربازییەکان، زنجیرەیەک کەسیش بکوژێت.
بڕیار بوو وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یۆواف گالانت ڕۆژی ڕابردوو سەردانێکی یەک ڕۆژەی بۆ ئەمریکا هەبێت، بەڵام سەرۆکوەزیران ناتانیاهو ڕێگری لە سەردانەکەی کردبوو تا ئەو کاتەی کە خۆی قسە لەگەڵ جۆ بایدن دەکات.
یۆواف گالانت لەم بارەیەوە ڕایگەیاندبوو کە لەسەر داوای ناتایاهو سەردانەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخستووە.