Esat Fırat,Mustafa Deveci
24 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2021
قودس- AA
بەگوێرەی ئەو ئەنجامە نافەرمییانەی کەناڵە ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردووەتەوە، لە هەڵبژاردنەکاندا پارتی لیکود کە پارتی سەرۆکوەزیران، بینیامین نهتانیاهو-ە لە پێشەوەیە و تا ئێستا ٣٣ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵ-١٣، راستڕەوەکان پشتیوانی لە پارتی لیکود دەکەن و بەمەش ژمارەی کورسییەکانی لایەنگرانی نهتانیاهو دەکاتە ٥٤ کورسی.
هەروەها چاوەڕێدەکرێت پارتی یەمینە، پشتیوانی نهتانیاهو بکات و تا ئێستاش ئەو پارتە حەوت کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، بەم شێوەیە لە کۆی ١٢٠ کورسی پەرلەمانی ئیسرائیل، نهتانیاهو پێویستی بە بەدەستهێنانی پشتگیری ٦١ کورسی پەرلەمانییە، تا بتوانێت حکوومەتی هاوپەیمانی پێکبهێنێت.
بۆ بەدەستهێنانی ئەو ژمارەیە لە کورسی پەرلەمانی، پێویستە پارتی یەمینە پشتیوانی نهتانیاهو بکات.
بڕیاریشە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، سبەی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنەکان رابگەیەنێت.