Mazın Asad
01 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2017
کەرکووک - AA
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، جاسم جاف رایگەیاند: "لە وەتەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لەدەست داعش لە ماوەی سێ مانگی دواییدا ١٩٩ ھەزار کەس لە مووسڵ و شارۆچکەی حەویجەی کەرکووک ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشتووە و پەنایان بۆ ناوچە ئارامەکان بردووە".
جاسم جاف ئەمڕۆ سەردانی شاری کەرکووکی کرد و لەگەڵ پارێزگاری ئەو شارە نەجمەدین کەریم کۆبووەوە.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا رایگەیاند: "لە وەتەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لەدەست داعش لە ماوەی سێ مانگی دواییدا ١٩٩ ھەزار کەس لە مووسڵ و شارۆچکەی حەویجەی کەرکووک ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشتووە و پەنایان بۆ ناوچە ئارامەکان بردووە".
جاف ئاماژەی بەوەش دا کە لەم سێ مانگەی دواییدا ٣٠ ھەزار کەس لە حەویجە ھەڵاتوون و راشیگەیاند ئەو ئاوارانە لە ناوەندی شاری کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەر نیشتەجێ کراون.
جاف لە درێژەدا روونیشی کردەوە کە پێویستە خەڵکەکە بۆ ئەو ناوچانەی لە داعش رزگار کراون، بگەڕێنەوە و گوتیشی: "بە تایبەتی سەڵاحەدین، دیالە، ئەنبار و ئەو ناوچانەی لە مووسڵ رزگار کراون، پێویستە خەڵکی سڤیل بۆ ماڵەکانیان بگەڕێنەوە".
لە لایەکی دیکەوە پارێزگاری کەرکووک نەجمەدین کەریم ئاماژەی بەوە دا کە شاری کەرکووک ھێندەی دانیشتووانی خۆی پێشوازی لە ئاوارەکان کردووە و بەھۆیەوە رووبەڕووی زەحمەتی بوونەتەوە و گوتیشی: "کێشەی کارەبا، ئاو، سوتەمەنی، تەندروستیمان ھەیە. ئەمڕۆ تێکرا ٨٥ ھەزار قوتابی شارەکانی ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە و مووسڵ لەگەڵ قوتابییە کەرکووکییەکان دەخوێنن. تاکە چارەسەری ئەم کێشانە، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان کە رزگار کراون".