جيهان

لە عێراق ھەوڵەکان بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران و یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرکۆمار بەردەوامن

- چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە لە عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی تاوتوێ کرد، ھاوکات گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکان بەردەوامن بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرکۆمار.

Laith Al-jnaidi  | 11.01.2026 - نوێکردنەوە : 11.01.2026
لە عێراق ھەوڵەکان بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران و یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرکۆمار بەردەوامن

Iraq

ھەولێر ــ AA

لە سەر ئاستی سیاسی لە عێراق، ھەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئیستیحقاقە دەستوورییەکان (پێکھێنانی حکوومەتی نوێ و ھەڵبژاردنی سەرکۆمار) و ئەوەش لە کاتێکدایە باس لەوە دەکرێت کە ھەنگاوی کردەیی نراوە لە دۆسیەی دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران.

دوێنێ شەممە، چوارچێوەی ھەماھەنگی ٢٥٨ـەمین کۆبوونەوەی خولی خۆی لە نووسینگەی سەرۆکی ھاوپەیمانی ئەساس، موحسین مەندەلاوی ئەنجام دا.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچووە، تیایدا گفتوگۆی بەرپرسانە دەربارەی داھاتووی سیاسیی عێراق کراوە.

ڕاشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکراوە لە بارەی پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەنگاوی کردەیی نراوە، بۆ تەواوکردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەکان.

باسی لەوەش کردەوە کە ئەنجامی گفتوگۆکان ئاماژەی ئەرێنی و پەرەسەندنی گرنگیان بەخۆوە بینیوە، کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەقامگیریی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاکانی عیراق گونجاون.

ھاوکات ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق (INA) بڵاویکردەوە کە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەیبەت حەلبووسی لە میانی دیداری لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی و پیشەسازی و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران جەختی کردەوە لەسەر گرنگی ھەماھەنگی ھەڵوێستەکان بۆ پەسەندکردنی یاسا گرنگەکان.

ھەیبەت حەلبووسی ڕاشیگەیاند: "گرنگە حکوومەتی نوێ لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا پێکبھێنرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت سەقامگیری ئەمنی و ئابووری وڵات پتەوتر بکات، ھەروەھا لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتیش، پەرە بە پەیوەندییەکانی عێراق بدات".

ھەر لەوبارەیەوە ئاژانسەکە بڵاوی کردەوە کە سەرۆکی ھاوپەیمانی ھێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، عەممار حەکیم ڕایگەیاندووە: "چوارچێوەی ھەماھەنگی ئەرکی ھەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ لە ڕێگای گفتوگۆوە لە ئەستۆ گرتووە".

عەممار حەکیم ڕوونیشی ئاماژەی بەوەشداوە کە لە میانی گفتوگۆکاندا لە کۆی ٤٢ بەربژێر، نۆ کەس بەربژێرکراون، بەڵام فتوگۆکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە یەکڕیزی چوارچێوەی ھەماھەنگی بپارێزێت.

ھەرلەوبارەیەوە ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئیخڵاس دلێمی بە ئاژانسی ھەواڵی فەمی عێراقی ڕاگەیاندووە گفتوگۆ لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکۆمار.

ئاماژەی بەوەشداوە، پارتی دیموکراتی کوردستان، فوئاد حوسێنی بۆ پۆستی سەرۆکۆمار بەربژێر کردووە.

باسی لەوەش کرد کە لایەنە کوردییەکان دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی، یەکەمیان ئەوە، دەبێت لایەنە كوردییەكان بە زۆرینە، پۆستی سەرکۆمار لەنێو خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە، ھەروەک چۆن سوننە بە زۆرینە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان بۆ خۆیان بە زۆرینە یەکلایی کردەوە، هەروەها وەک ئەوەی ئێستا لایەنە شیعەكان بە زۆرینە پۆستی سەرۆکوەزیران لەنێو خۆیاندان یەکلایی دەکەنەوە.

ئیخڵاس دلێمی ڕاشیگەیاند، بژاردەی دووەمش ئەوەیە کە ئەو لایەنەی پۆستی سەرکۆمار وەردەگرێت، دەبێت دەستبەرداری شایستەی دیکە بێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın