Bayram Altuğ,Hemın Othman Mohammed
03 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2019
جنێڤ - AA
لیژنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی تایبەت بە یه‌مه‌ن كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سەرپەرشتی دەکات، رایگەیاند كه حكوومه‌تی شەرعی یه‌مه‌ن، سعوودیه، ئیمارات و حووسییه‌كان له‌و وڵاته‌دا كه شه‌ڕی ناوخۆیی بەردەوامە، یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مافی مرۆڤیان پێشێلكردووه و پێده‌چێت لایه‌نەكان تاوانی جه‌نگیان ئه‌نجامدا بێت.
شاندهکە لە سێ شارەزای تایبەت بە مافی مرۆڤ پێکهاتووە و له كۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی مافه‌كانی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه دانراوه بۆ چاودێریكردنی پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ، دووه‌مین راپۆرتی خۆی بڵاوكرده‌وه.
له راپۆرته‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه‌ته‌وه كه لایه‌نه‌كان به‌تایبه‌تی هاوپه‌یمانییەتی عەرەبی بهڕبهرایهتی سعوودیه ''پێده‌چێت تاوانی جه‌نگیان ئه‌نجام دابێت'' و ''یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مافی مرۆڤی"یان پێشێلكردووه.
له‌و راپۆرته‌ی کە ساڵی رابردوو بڵاوكرابوویەوە به‌ڵگه‌ی هاوشێوه خراوه‌ته‌ڕوو، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه‌ته‌وه كه ئه‌و وڵاتانه‌ی چه‌كیان به لایه‌نه شه‌ڕكه‌ره‌كانی یه‌مه‌ن فرۆشتووه به‌رپرسیارن له تراجیدیای مرۆیی و پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ له‌و وڵاته‌دا.
له راپۆرته‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه‌ته‌وه كه لایه‌نه‌كانی شه‌ڕكه‌ر له میانی پێنج ساڵی رابردوودا به هێرشی ئاسمانیی، بۆردومانی هه‌ڕه‌مه‌كییانه، نیشان شكێنه‌كان، مین، تاوانی كوشتن و ده‌ستگیركردن، ئه‌شكه‌نجه‌دان، توندوتیژی سێكسی و رێگرتن له هاوكاریه مرۆییه‌كان ''ره‌نگه تاوانی جه‌نگیان ئه‌نجامدا بێت''.
له راپۆرته‌كه‌دا ئەوە دووپاتكراوه‌ته‌وه كه حكوومه‌تی شەرعی یه‌مه‌ن، سعوودیه، ئیمارات و حووسییه‌كان یاسا نێوده‌وڵه‌تییەکان و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبەت بەمافی مرۆڤیان پێشێلكردووه و به هۆی نه‌بوونی میكانیزمی لێپرسینه‌وه له لایه‌نه‌كان ئه‌و جۆره پێشێلكاریانه له یه‌مه‌ن به‌رده‌وامه.
- بانگه‌واز بۆ ئاگربه‌ستی به‌په‌له
له كاتێكدا له راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه كراوه كه هه‌موو لایه‌نه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆی یه‌مه‌ن پەنایان بۆ ده‌ستدرێژیی، په‌لاماری سێكسی و تاوانی كۆمه‌ڵایه‌تی بردووه، ئه‌وه‌یش خراوه‌ته‌ڕوو كه ئه‌و میلیشیایانه‌ی ئیمارات پشتیوانیان ده‌كات له‌و جۆره تاوانه تێوه‌گلاون.
هه‌روه‌ها له راپۆرته‌كه‌دا بانگه‌واز بۆ راگه‌یاندنی به‌په‌له‌ی ئاگربه‌ست كراوه بۆ راگرتنی هه‌موو ئه‌و توندوتیژیانه‌ی دژبه هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی له یه‌مه‌ن ئه‌نجامده‌درێن و پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مافی مرۆڤ ئەنجامداوە، داوا له هه‌موو لایه‌نه‌كانیش كراوه ده‌سته‌به‌ری دادپه‌روه‌ری بكه‌ن بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی و قوربانییان.
سعوودیه و ئیمارات كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌یان نیشاندا به‌رامبه‌ر ئه‌و راپۆرته‌ی ساڵی رابردوو کە لیژنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی تایبەت بە یه‌مه‌ن كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سەرپەرشتی دەکات بڵاویكردبوویەوە.