Muhammet Kurşun,Hemın Othman Mohammed
07 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 08 حوزەیران 2019
تاران - AA
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، عه‌باس موسه‌وی كاردانه‌وه‌ی نیشاندا له‌باره‌ی لێدوانه تازه‌كانی سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن سه‌باره‌ت به كردنه‌وه‌ی دانوستان.
موسه‌وی له راگهیاندراوێكیدا له ماڵپه‌ڕی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی، ره‌خنه‌ی له لێدوانه‌كانی ماكرۆن گرت له‌باره‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی.
موسه‌وی باسی له‌وه كرد كه لایه‌نه ئه‌ورووپییه‌كان جگه له هه‌ندێك گوته و لێدوانی سیاسیی به‌ڵێنه‌كانیان له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی به‌جێنه‌گه‌یاندووه و، پاش كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له رێككه‌وتنه‌كه نه‌یانتوانیووه كارێك بكه‌ن كه ئێران له‌وه سوودمه‌ند بێت.
عه‌باس موسه‌وی گوته‌كانی دوێنێی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ-ی له‌باره‌ی ئێران به ''بێ بنه‌ما، دژ یه‌ك و بێ به‌ها'' ناوبرد كه له‌كاتی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ماكرۆن باسی كردبوو.
گوتیشی: '' هێنانه ئارای بابه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌م هه‌لومه‌رجانه‌دا هاوكارنابێت له پاراستنی رێككه‌وتنه‌كه. هه‌روه‌ها زه‌مینه لهباردهكهن بۆ زیادبوونی بێ متمانه‌یی له‌نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌ی له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیدا ماون. له ره‌وشێكی له‌م شێوه‌یه‌دا ئاماده‌كاری ده‌كرێت بۆ شكستهێنانی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و ئه‌مریكاش ئامانجه‌كه‌ی به‌دیده‌هێنێت''.