Zana Natık Kerem
24 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2019
قاھیرە ــ AA
سەرۆکی میسر، عەبدولفەتاح سیسی رایگەیاند کە گرنگە ھەماھەنگییەکانی نێوان وڵاتەکەی و سعوودیە لەبارەی پرسە ھەرێمییەکانەوە لەسەر ئاستی باڵا زیاتر پەرەیان پێ بدرێت.
عەبدولفەتاح سیسی دوای رێورەسمی پێشوازیکردن لە شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز لە شاری شەرم ئەلشێخ باکووری رۆژھەڵاتی میسر، کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە بەر لە چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی یەکەم لووتکەی عەرەبی-ئەورووپی سازکرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە بە بەشداری ٤٩ وڵات لووتکەی عەرەبی-ئەورووپی بۆ یەکەمجار لە شاری شەرم ئەلشێخ بەڕێوەدەچێت کە تا سبەی دووشەممە بەردەوام دەبێت.
ئاژانسی ھەواڵیی شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەی نێوان عەبدولفەتاح سیسی و سەلمان بن عەبدولعەزیز جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامی ھەماھەنگییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لەسەر ئاستی باڵا کراوەتەوە لەبارەی پرسە ھەرێمییەکانەوە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە پابەندبوونی ھەردوو وڵات کراوە لە پتەوترکردنی ھاوپەیمانیەتی ستراتیجی نێوان میسر و سعوودیە، چونکە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر بەھێزکردنی یەکڕیزی وڵاتانی عەرەبی بۆ رووبەڕبوونەوەی بەرەنگارییەکان کە لەئێستادا ناوچەکە رووبەڕووی بووەتەوە.
لای خۆیەوە شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز باسی لە ئامانجی سەردانەکەی بۆ میسر کرد و رایگەیاند کە ئەم سەردانەی بە ئامانجی پتەوترکردنی پەیوەندی و ھاوکارییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و ئەنجامداوە.
ھاوکات ئاژانسی فەرمی ھەواڵیی سعوودیە بڵاویکردەوە کە عەبدولفەتاح سیسی و شا سەلمان بن عەبدولعەزیز بە ئامادەبوونی شاندی ھەردوو وڵات لە شەرم ئەلشێخ کۆبوونەوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە گرنگە ئەنجوومەنی وڵاتانی عەرەبی-ئەفریقی پێکھێندرێت و ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی دەبێت پەیوەندی و ھاوکارییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لەسەرجەم بوارەکاندا پتەوتر بکرێن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشھات و رووداوەکانی ناوچەکە، خرانە بەرباس.
دوێنێ شەممە شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی عەرەبی-ئەورووپی بەسەردانێک گەیشتە شاری شەرم ئەلشێخ.