Sarmand Hameed
19 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2020
بەغدا - AA
وەزیری بازرگانی عێراق، عەلا ئەحمەد جبوری و باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، فاتح یڵدز تاوتوێی زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد.
وەزارەتی بازرگانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، عەلا ئەحمەد جبوری لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە دیوانی وەزارەتی بازرگانی پێشوازیی لە فاتح یڵدز کرد.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی بازرگانی، ئابووری و وەبەرهێنان و بەرەوپێشبردنیان کراوە.
عێراق خواستی ئەوەی هەیە وەبەرهێنەرانی تورک پڕۆژەی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی هاوبەش لە وڵاتەکەدا ئەنجام بدەن کە ئەمەش یەکێکە لە ئامانجەکانی زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی نێوان هەردوو وڵات.
وەزیری بازرگانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە تورکیا پێگەیەکی گرنگی لە وڵاتەکەیدا هەیە بەتایبەت لە وڵاتە گرنگەکانی دراوسێیەتی کە پەیوەندیی مێژوویی و بازرگانی ئەو دوو وڵاتە پێکدەبەستێتەوە.
لەلای خۆیەوە، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، فاتح یڵدز جەختی لە زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە.
جێی ئاماژەیە، مانگی شوباتی رابردوو، فاتح یڵدز رایگەیاندبوو، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق لە ساڵی ٢٠١٩دا گەیشتووەتە ١٥ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار.