Zana Natık Kerem
01 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2018
بەغدا ــ AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانشتنی ئاسایی خۆیدا، قەزای بەعاج و ناحیەكانی عەیازییە و تەل عەبتە سەر بە قەزای تەلەعفەر رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا لەگەڵ سێ قەزای پارێزگای ئەنبار بە ناوچەی كارەساتبار ناساند.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانی، عەلی سافی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پڕۆژە بڕیاری ناساندنی قەزای بەعاج و ناحیەكانی عەیازییە و تەل عەبتە لەگەڵ گوندەكانی دەورووبەریان سەر بە قەزای تەلەعفەر رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا خستە دەنگدانەوە و دواتر بە زۆینەی دەنگ پڕۆژە بڕیارەكە، پەسەندكرا.
عەلی سافی ئاماژەی بەوەشدا كە ناساندنی ئەو ناوچانە بە کارەساتبار دوای ئەوە دێت کە ئەو ناوچانە بە هۆی شەڕەكانی دژ بە داعش رووبەڕووی وێرانكاری بوونەتەوە.
ئەندامەكەی فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانی بە ئاماژەدان بەوەی هەر لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ، قەزاكانی قائم، عانە و راوە سەر بە پارێزگای ئەنبار بە ناوچەی كارەساتبار ناساندووە.
دەگوترێت دوای پەسەندكردنی ئەو ناوچانە بە كارەساتبار، پێویستە حكوومەتی عێراق بوودجە بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە تەرخان بكات.
پێشتریش ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارەیەك لە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانی وەك ناوچەی كارەساتبار ناساندبوو لەوانە، مووسڵی كۆن، تەلەعفەر لەگەڵ ژمارەیەک لە قەزاكانی سەر بە پارێزگای ئەنبار.