Sarmand Hameed
30 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پاریس لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان ئیڤ لودریان کۆبووەوە.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ فەرەنسا، دۆخی عێراق، ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە، ھەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی لە عێراق، مەترسییەکانی تیرۆر و سەرھەڵدانەوەی داعش، ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و دۆخی پێکھاتەکان و ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
ھەردوولا جەختیان لە خواستی دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا کردەوە و بەردەوامیی ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەولەتی دژی داعش و ھاوکاری و یارمەتیدانی عێراقیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە پێویست زانی.
باسکردنی ھاریکاری و ھاوبەشیی عێراق و ھەرێمی کوردستان و پشتگیریی فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەولەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کارکردن لەپێناو ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.