Sarmand Hameed
06 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح ئاشكرای كرد، عێراق پەرۆشی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا بەتایبەتی رووەو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گەندەڵی و کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە.
بەرھەم ساڵح پێشوازیی لە نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، لەو دیدارەدا باس لە پەیوەندییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و یەکێتی ئەورووپا کراوه و جەخت كراوهتهوه لە گرنگی پتەو کردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاجیاکاندا، ھەروەھا بە گرنگییەوە ئاماژە کراوه بە پێشکەش کردنی پشتیوانیی یەکێتیی ئەورووپا بە عێراق، بە تایبەتی لە بوارەکانی سیاسەت و ئاسایش و ھاوکارییە مرۆییەکان و ئابووری و پرۆژە خزمەتگوزاییەکان و دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق.
ھەر لەدیدارەکەدا بەرھەم ساڵح رایگەیاندووه، عێراق پەرۆشی پتەو کردنی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەورووپا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، ھاوکات ئاماژەی کرد بەگرنگی بەھێز کردنی ھاریکاریی لەپێناو چارەسەر کردنی کێشەکان و کەم کردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە و کۆتاییھێنان بە قەیرانەکان و ھێنانە کایەی ئاشتی و پتەو کردنی ھەماھەنگی ئابووری و بازرگانی، ھەروەھا راشیگەیاندووه، بۆ ھێنانەدی ئەو ئامانجانە پێویستە زامنی ئاسایش و ئارامی عێراق بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرکۆماری عێراق جەختیکردووهتهوه لە گرنگی بەھێزکردنی ھەماھەنگی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپا بە ئاڕاستەی ریشەکێش کردنی تیرۆر لە سەرتاسەری ناوچەکەدا، ھەروەھا دووپاتیکردووهتهوە لە پێویستی پشتیوانیی کردن لە گەشەپێدانی ئابووری و یارمەتیدانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە بە تاڵانبراوەکان بۆ دەرەوەی وڵات و پێشکەش کردنی ھاوکاری بۆ بەرنگاربوونەوەی قەیرانی گۆڕانی کەشوھەوا و پاراستنی ژینگە، چونکە ھەموو ئەمانە ئاستەنگی گەورەن کە رووبەڕووبووی عێراق و ناوچەکە و جیھان بووەتەوە.
لای خۆیەوە نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ جەختی لە پابەند بوونی یەکێتی ئەورووپا کردووهتەوە بۆ پشتگیریی و یارمەتیی دانی عێراق لەبوارە جیاجیاکاندا و پشتیوانی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و سەروەریی عێراق، ھەروەھا پێشکەوتنەکانی عێراقی بەرز نرخاندووه، بەتایبەتی لەرووی پەرەپێدانی پەیوەندییە ھاوسەنگەکانی لەپێناو کەم کردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە.