Zana Natık Kerem
18 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2024
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید ڕایگەیاند کە پەرەسەندنی گرژییەکان مایەی قبوڵکردن نییە، چونکە ڕەنگدانەی مەترسیداری لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەبدولـلەتیف ڕەشید پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی لوبنان، نەجیب میقاتی ئەنجامداوە.
ڕاشیگەیاندووە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرکۆماری عێراق سەرکۆنەی ئەو تەقینەوانەی کردووە کە دوێنێ سێشەممە لە لوبنان ڕوویاندا، ھەروەھا بە پێشھاتێکی مەترسیداری لەقەڵەمداوە و ڕایگەیاندووە کە پەرەسەندنی گرژییەکان مایەی قبوڵکردن نییە، چونکە ڕەنگدانەوەی مەترسیداری لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت.
باسی لەوەش کردووە کە عەبدولـلەتیف ڕەشید ئامادەیی عێراقی نیشانداوە بۆ پێشکەشکردنی یارمەتییە مرۆیی و پزیشکییەکان بۆ بریندارانی تەقینەوەکانی لوبنان، ھەروەھا سەرەخۆشی خۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکانی تەقینەوەکان کردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید ڕایگەیاندووە کە عێراق پاڵپشتی لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی لوبنان دەکات و دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەرپرسیارێتی خۆی بۆ وەستاندنی شەڕی سەر کەرتی غەززە لە ئەستۆ بگرێت و ڕێگریی لە ھەوڵەکان بکات بۆ فراوانبوونی بازنەی شەڕ لە ناوچەکە.
دوێنێ سێشەممە، بەھەزاران ئامێری پەیوەندیکردنی بێ تەل کە بە "پەیجەر" ناسراوە لە دەستی ئەندامانی حزبوڵڵا لە سەرانسەری لوبناندا، تەقینەوە.
ھاوکات وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاندووە کە لە ئاکامی تەقینەوەکاندا، نۆ کەس کوژراون و دوو ھەزار و ٨٠٠ دیکەش برینداربوون کە دوو ھەزاریان باری تەندروستییان ناجێگیرە.