Arif Yusuf
11 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2019
بەغدا ــ AA
نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق، جینین ھینیس بلاسخارت رایگەیاند كە مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق، عەلی سیستانی نیگەرانە لەهەمبەر ئەوەی هێزە سیاسییەكان سوور نین لەسەر ئەنجامدانی چاكسازی.
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی سیستانی كە لە شاری نەجەف بەڕێوەچوو، جینین ھینیس بلاسخارت بۆ رۆژنامەوانان دوا گوتی: "گرنگە رێگای دیكە بگیرێتە بەر، ئەگەر هێزە سیاسییەكان نەیتوانی چاكسازی ئەنجام بدەن".
نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق، جینین ھینیس بلاسخارت گوتیشی: "داوامان لە حكوومەتی عێراق كردووە كاتی ئەوە هاتووە، شتێك پێشكەش بە گەلەكەی بكات، دەبێت رێزیش لە سەروەری عێراق بگیرێت چونكە نابێت ئەو وڵاتە ببێت بە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییە سیاسییەكان".
جینین ھینیس بلاسخارت داواشی كرد ئەوانەی بوونەتە هۆكاری توندتیژی لە خۆپیشاندانەكان سزا بدرێن و هەرچی زووە دەبێت رفاندن و دەستگیركردنی خۆپیشاندەران و چالاكوانان رابگیرێت و بە جددی كار بۆ ئەنجامدانی چاكسازی بكرێت و گوتیشی:"مەرجەعی باڵا زۆر نیگەرانە لەهەمبەر ئەوەی هێزە سیاسییەكان جددی نیین لە ئەنجامدانی چاكسازی".
نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق داواشی لە حكوومەتی عێراق كرد كە لێكۆڵینەوە لەو بۆمبە فرمێسكڕێژە بكات كە هێزە ئەمنییەكان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەكاری دەهێنن و هەروەها داواشی لە خۆپیشاندەران كرد نەگەڕێنەوە ماڵەوە تا ئەو كاتەی داواكارییە رەواكانیان جێبەجێ دەكرێن و گوتی: "ئەگەر كاربەدەستان توانایان نییە و یان نایانەوێت داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكەن، ئەوە پێویستە رێگەیەكی دیكە بگیرێتەبەر".
جینین ھینیس بلاسخارت گوتیشی: "عەلی سیستانی خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بەو پێشنیازەی ئێمە كە لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان پێشكەشمان كردووە".
پێشتر نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاندبوو دەستپێشخەرییەكی بۆ دامركاندنەوەی خۆپیشاندانەكان و چارەسەركردنی كێشەكان لە عێراق خستووەتەڕوو و تیادا پێشنیازێكی بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكان پێشكەش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا دەنگی لەسەر بدرێت.