Zana Natık Kerem
02 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2023
ھەولێر – AA
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس بە یاوەری وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکان، گەیشتە پارێزگای نەینەوا.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەنتۆنیۆ گوتیرێس بە یاوەری ئیڤان فایەق گەیشتووەتە پارێزگای نەینەوا.
ئامانج لە سەردانەکەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەینەوا، ئاگاداربوونە لە رەوشی ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکان لە پارێزگاکە.
دوێنێ چوارشەممە، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس بەسەردانێک گەیشتە بەغدا کە لە میانیدا بە جیا لەگەڵ سەرکۆمار، عەبدولـلەتیف رەشید و سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و ژمارەیەک لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کۆبوویەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای سەردانەکەی بۆ پارێزگای نەینەوا، دەگاتە ھەولێر و لە میانیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.