Rewa Mahmood Hasan
02 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2023
سلێمانی - AA
بەهۆی باران و بەفری وەرزی زستانەوە، ئاستی ئاوی رووبار و چەمەکان زیادیان کردووە، بەڵام بەهۆی گلدانەوەی ئاو لە دیوی ئێران، هێشتا ئاستی ئاوی بەنداوەکان وەک پێویست نین و نەگەیشتوونەتە ئاستی ساڵی پار، بەڵام وەک شارەزایانی کەشناسی ئاماژەی پێ دەکەن، ئەگەری هەیە بارانی بەخوڕ لە مانگەکانی ئازار و نیساندا چەم و رووباڕ و بەنداوەکان ببوژێنێتەوە.
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، سامان ئیسماعیل محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە لەم کاتەدا، گلدانەوەی ئاو یەک ملیار و ٣٥ ملیۆن مەتر سێجایە کە دەکاتە لەسەدا ٣٧ی رێژەی گلدانەوەی بەنداوەکە و بەراورد بە ساڵی پار لەم کاتانەدا، ١٠٠ ملیۆن مەتر سێجا کەمترە.
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە دەکات کە ماوەی چوار ساڵە ئاست و داهاتی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان کەم بووەتەوە، چونکە لە دوای ساڵی ٢٠١٩ـەوە ناوچەکە بە وشکەساڵیدا تێپەڕیوە دەڵێت ''لەو ماوەیەدا بەشێوەیەکی بەرچاو باران کەم بووە، ئەمساڵ نەبێت کە رێژەی بارانبارین لە هەموو ناوچەکان بەگشتی باشە تاکو ئێستا".
سامان ئیسماعیل محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە لەئێستادا، گلدانەوەی ئاو یەک ملیار و ٣٥ ملیۆن مەتر سێجایە لە بەنداوی دەربەندیخان و گوتی: ''لەم رێژەیەش نزیکەی لەسەدا ٣٧ی رێژەی خەزنی بەنداوەکەمانە. خەزنی ئاومان بەراورد بە ساڵی پار ئەم کاتانە، نزیکەی ١٠٠ ملیۆن مەتر سێجا کەمترە، لەبەرئەوەی داهاتمان لە مانگی یەک و دوو لە ساڵی پار کەمتر بووە".
گوتیشی: ''ئاستی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان بەپێی پلانێکە خۆمان دایدەڕێژین. پلانی زستانە و هاوینەمان هەیە و بەپێی گونجاندنە لەگەڵ ناوچەکەمان. لەئێستادا نزیکەی ١٥ مەتر ئاو سێجا لە چرکەیەکدا بەردەدەینەوە. ئەمەیش کەمترین ئاستی بەردانەوەی ئاوە لە مانگی دوودا، چونکە داهاتی ئاومان کەمە و دەمانەوێت ئاوی زیاتر گل بدەینەوە بۆ وەرزی هاوین".
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، سامان ئیسماعیل محەمەد لەبارەی هۆکاری کەمبوونی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان گوتی: ''داهاتمان لە ماوەی سێ چوار ساڵی رابردوودا کەمی کردووە، ئەوەی پەیوەستە بە ناوخۆوە لە ئێرانەوە بۆمان دێت و ئەویش کەمی کردووە. ئەوەی ئێمە گوێمان لێی بووە کە زانیاریی فەرمی نیین، ئاستی بەنداوەکانی ئێرانیش کەمی کردووە و لە نیوەدایە. کەمیی ئاو لە ئێراندا وا دەکات ئێمەیش داهاتی ئاومان کەم بێت. ئەوەی لەم چوار ساڵەدا لە ئاستی داهاتی ئاو روویداوە لە مێژووی بەنداوی دەربەندیخاندا نەبووە. بەراورد بە ساڵی پار، نزیکەی دوو مەتر و حەفتا سانتیمەتر ئاستی ئاومان کەمترە، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە و بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی مانگی سێ و چوار بارانێکی باش لە ناوچەکەمان دەبارێت".
سامان ئیسماعیل محەمەد لەبارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی کەم بەردانەوەی ئاو بۆ دەریاچەکان لەلایەن ئێرانەوە، بە ئەرکی وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی عێراقی دەزانێت کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات و گوتی: ''سەبارەت بە بەردانەوەی ئاو لە ئێرانەوە، ئەوە زیاتر ئیشی وەزارەتی دەرەوەیە لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی عێراقی کە دەستوەردان لەو مەسەلەیە بکەن تاکو ئێمە، لەبەرئەوەی ئێمە لەوبارەیەوە هیچ دەسەڵاتێکمان نییە".
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، سامان ئیسماعیل محەمەد سەبارەت بە ئامادەکاریەکان بۆ ئەگەری روودانی بومەلەرزە گوتی: ''وەک بەنداوی دەربەندیخان بەدوداچوون و چاودێریی بەردەواممان هەیە لە دوای روودانی بوومەلەرزەکەی ئەمدواییانەی تورکیا، بۆمان دەرکەوتووە کە هیچ زیانێکی لەسەر بەنداوەکەی ئێمە نەبووە، بەڵام خەزنیشمان ئەوەندە بەتاڵە، ئەگەر هەر لافاو یان شتێکی دیکەیش ڕووبدات توانای خەزنی ئەو بڕە ئاوەمان هەیە کە ئەگەر وەک لافاو بێت بەرەو ناوچەکەی ئێمە".
سامان ئیسماعیل محەمەد سەبارەت بە پرسی ئاودێریی لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پشتی بەنداوەکە دەڵێت ''ئاودێریی لە سنووری قەزای دەربەندیخان کەمە تا دەگاتە قەزای کەلار. لە دەربەندیخان هەتا دەگاتە سنووری کەلار ئاوی رووباری سیروان تەنها بۆ ئاوخواردنەوە بەکاردەهێنرێت و تاکو ئێستا سوودی دیکەمان لەم رووبارە نەبینیوە. ئاوەکەیش ئەوەندە کەم بووەتەوە کە رەنگە بەشی ئاودێرییش نەکات".
ڕووباری سیروان لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس لە ئێران لە نزیک شاری سنە و لە چیای چلچەمە نزیک شارەکانی سەقز و دیواندەرەوە ھەڵدەقوڵێت و سەرچاوە دەگرێت. پاشان لە رێی ناوچەی ھەورامانەوە دێتە هەرێمی کوردستانی عێراق دواتر لە باشووری شاری بەغدای پایتەختی عێراقەوە دەڕژێتە رووباری دیجلەوە.
رووباری سیروان درێژییەکەی لە ھەردوو دوو دیوی هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەگاتە ٤٤٥ کیلۆمەتر، چەندین شار دەکەونە سەری لەوانە دەربەندیخان، کەلار، باقووبە. دوو بەنداوی لەسەر دروستکراوە کە بەو ھۆیەشەوە دوو دەریاچەی دروستکردووە کە دەریاچەی دەربەندیخان و دەریاچەی حەمرین-ن.
لە هەرێمی کوردستان ١٧ بەنداو هەن، گەورەترینیان بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخانن؛ بەنداوی دووكان لە ساڵی ١٩٥٩ لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانی دروستكراوە و بەنداوی دەربەندیخانیش لە ساڵی ١٩٦١ لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەمریكییەوە دروستكراوە.