Atila Altuntaş
04 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2022
ستۆکهۆڵم- AA
بە هەماهەنگی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ وڵاتانی کینیا و سوید، رۆژانی دوو و سێی حوزەیران، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کۆنفڕانسی ژینگەی جیهانی ستۆکهۆڵم+٥٠، سازکرا.
لە کۆنفڕانسەکەدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، باڵیۆزی ژینگەی ئەمریکا، جۆن کێری، نوێنەرانی ١٢٩ وڵات، بەرپرسانی رێکخراوی بازرگانی جیهانی و بانکە جیهانییەکان، بەشداربوون.
دوا بەدوای کۆبوونەوەکانی رۆژی دووەمی کۆنفڕانسەکە، سەرۆکوەزیرانی سوید، ماگدالینا ئاندەرسۆن، لە لێدوانێکیدا رایگەیاند دوای ٥٠ ساڵ، کۆنفڕانسی ژینگەی جیهانی جارێکی دیکە لە سوید، ئەنجامدرا.
ئاندەرسۆن باسی لە مەترسییەکانی بەکارهێنانی ماددە کیمیاوییەکان لەسەر ژینگە کرد و داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد، هەنگاوی پێویست بگرنەبەر.
لای خۆشییەوە سەرۆکی کینیا، ئوهورو کینیاتا، ئاماژەی بەو ئاستەنگانە کرد کە وڵاتانی تازهپێگهیشتوو رووبەڕوویان دەبنەوە، داواشی لە وڵاتە سەرمایەدارەکان کرد ئەرکی خۆیان بەرامبەر بە خەرجییەکانی بواری ژینگە، بەجێبهێنن.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، داوای کرد کۆتایی بهێندرێت بەو خۆکوژییەی لە ڕێی بەکارهێنانی سوتەمەنییە بەبەردبووەکانەوە بەرامبەر بە ژینگە ئەنجام دەدرێت، داواشی لە وڵاتانی جیهان کرد رووبکەنە بەکارهێنانی سەرچاوە دوانەهاتووەکانی وزە و رایگەیاند: "لەدەستدانی جۆراوجۆری بایۆلۆجی، هەڕەشە لە ژیانی زیاتر لە سێ ملیار کەس دەکات. بەهۆی پیسبوونی ژینگە و پاشماوە لەناونەچووەکانەوە ساڵانە نزیکەی نۆ ملیۆن زیندەوەر، گیان لەدەست دەدەن".