Sangar Hamad Azeez
01 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2016
ئەستێری هەڵبژاردەی سوید و یانەی پاریس سانجێرمان زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ لەبارەی مانگرتن و ئیدانەکانی پاریس دەڵێت: "رووداوەکانی پاریس زۆر گەورە بوونە، بۆ ئەوەی بەر لە تەشەنەکردنی رووداوەکان بگیرێت پۆلیس رژاونەتە نێو شەقامەکانەوە".
لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا بۆ هەڵبژاردەی سوید کە بەشداری لە یۆڕۆ٢٠١٦ کردووە کە لە ١٠ ئەم مانگە لە وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوە دەچێت، کاپتنی هەڵبژاردەکە زلاتان ئیبراهیمئۆڤیچ باسی لە رووداوەکانی پاریس کرد.
ناوبراو باسی لەوە کرد کە لەکاتی بەڕێوەچوونی خولی فەڕەنسا رووبەڕووی رووداوی ناخۆش بوونەتەوە و گوتی: "رووداوی زۆر تراژیدیا لە پاریس روودەدات، رووداوەکان تەشەنەیان سەندووە، بۆ ئەوەی بەر لە تەشەنەکردنی رووداوەکان بگیرێت پۆلیس رژاونەتە نێو شەقامەکانەوە، نیگەرانی ئەوە نیم کە بڵێم لە یۆڕۆ٢٠١٦دا رووبەڕووی مەترسی دەبینەوە، دڵنیام لە ئاسایشی ناوچەکە، تەنیا نیگەرانی ئەو هاندەرانەم کە بە سەدان هەزار هاندەر لە رێگەی شاشەکانەوە سەیری یارییەکان دەکەن".
زلاتان باسی لە بابەتی وازهێنانی خۆی کرد لە یاری نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی و گوتی: "تاوەکو ئێستا بیرم لەو بابەتە نەکردۆتەوە، لە ئێستادا توانایەکی باشم هەیە بۆ یاریکردن، بەڵای دوای یۆڕۆ٢٠١٦ بیرێک لەو بابەتە دەکەمەوە و ئەوکات بڕیار دەدەم".
یاریزانە سویدییەکە تیشکی خستەسەر ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی رۆشتنی دەکرێت بۆ خولی پرێمەرلیگ و گوتی: "تاوەکو ئێستا لەگەڵ هیچ یانەیەک رێک نەکەوتووم و هەموو شتێکیش ئەگەری روودانی هەیە".