سوپای ئیسرائیل بەردەوامی هێرشەکانی بۆ سەر حکوومەتی سووریا ڕاگەیاند

Quds
قودس - AA
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە بەهۆی ڕووداوەکانی شاری سوەیدا لە باشووری ڕۆژئاوای سووریا کە ناوەندی دروزییەکانە، بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکانی سەربە هێزەکانی سووریا کە بەرەو پارێزگای سوەیدا دەڕۆیشتن، بەتایبەتی تانک و سەکۆی هەڵدانی مووشەک و ئەو ئۆتۆمبێلانەی چەکی قورسیان لەسەر بوو.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بۆ داخستنی ئەو ڕێگەیانەی دەچنە ناوچەکە، هێرشەکان ئەنجام دراون"، هاوکات دیمەنی هێرشەکانیش بڵاوکرایەوە.
سوپای ئیسرائیل ئەوەیشی بڵاوکردەوە چاودێری ڕووداوەکانی سوەیدا دەکات لە باشووری سووریا کە ناوەندی دروزییەکانە و، بەپێی ئەو فەرمانانەی لە ئیرادەی سیاسییەوە هاتوون، هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکە و خۆی بۆ سیناریۆی جیاواز ئامادە کردووە.
لە پارێزگای سوەیدای باشووری سووریا لەسەر سنووری ئوردن، دوای ئەوەی گرووپەکانی دروزی لە ١٣ی تەمموزدا دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هۆزە عەرەبە بەدەوییەکاندا، شەڕ و پێکدادانی چەکداریی سەریهەڵداوە،
حکوومەتی ئیسرائیل دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، دژ بە هەوڵەکانی یەکخستنەوەی ناوچەی دروزی بە سووریاوە بەڵێنی پشتیوانی سەربازی و سیاسی دا بە کەمینەی دروزی دژی حکوومەتی دیمەشق.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو و وەزیری بەرگریی وڵاتەکە، یسرائیل کاتز هەڕەشەی زیادکردنی هێرشەکان بۆ سەر سووریا دەکەن.
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ هێرشی ئاسمانیی کردە سەر دیمەشقی پایتەختی سووریا.