14 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2017
هەولێر - AA
سوپاسالارى وەزارەتى پێشمەرگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، فەریق جەمال ئیمینکى رایگەیاند "تا ئێستاش هەماهەنگییەکانى نێوان پەکەکە و حەشدى شەعبى بەردەوامە، نزیکەى هەزار چەکدارى سەربە پەکەکە مووچە و چەک و تەقەمەنى لە حەشدى شەعبى وەردەگرێت، بەربەستى زۆریشیان لە سنوورى شنگال دروستکردووە، لە بەرامبەریشدا پەکەکە بۆ ئێران بووەتە پردى دروستکردنى هیلالى شیعى".
سوپاسالارى وەزارەتى پێشمەرگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، فەریق جەمال ئیمینکى لە چاوپێکەوتنێکى تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هەرچەند هەڵکەندنى خەندەق بە مەبەستى رێگریکردن بوو لە هێرشە خۆکوژییەکانى داعش، بەڵام ئەو خەندەقانەى لە سنوورى هەرێمى کوردستان هەڵمانکەندووە بۆ هەر هێرش و ئەگەرێکى دیکە سوودی لێوە دەبینین، چونکە ئێمە ئەو حیسابە ناکەین کە داعش کۆتایی هات، کێشەکانیش کۆتایی دێت، بەڵکو پێشمەرگە ئامادەکارى بۆ هەموو ئەگەرێک دەکات، ئەوەتە بابەتى ریفراندۆمیشمان هاتووەتە پێش و بۆ ئەو مەبەستەیش هێڵى بەرگریمان بەهێزتر دەکەین و سەنگەرەکانیشمان توندتر دەکەین پێشمەرگە لە ئامادە باشى زیاتر دەبێت".
"هاوپەیمانان بەردەوامن لە هاوکاریکردنى پێشمەرگە"
سەبارەت بە رێکخستەوەى هەیکەلى وەزارەتى پێشمەرگە سوپاسالارى وەزارەتى پێشمەرگە گوتى: "لەسەر داواکارى وەزارەتى پێشمەرگە راوێژکارانى ئەمریکى، بەریتانى و ئەڵمانی بە هاوکارى لەگەڵ راوێژکارانى کورد لە وەزارەتى پێشمەرگە و چەند لایەنێکى دیکەى پەیوەندیدار حکوومەتى هەرێم، دەستیان کردووە بە داڕشتنى رێکخستنەوەى هەیکەلیەتى وەزارەتى پێشمەرگە، بۆ ئەو مەبەستە راوێژکاران بەو ئامانجە گەیشتن کە ٣٥ خاڵ پێشنیار بکەن بۆ ئەو مەبەستە، ئەم ٣٥ پێشنیارەى راوێژکاران دابەشى قۆناغى ماوە درێژ و قۆناغى ماوە کورت دەبێت، لەلایەن وەزارەت رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیران کراوە و ئەوەى ماوە پەسەندکردنیيەتى لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى وەک فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان".
گوتیشى: "هاوپەیمانان بەردەوامن لە هاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە، بەڵێنیانداوە بۆ ساڵى ٢٠١٨ دوو لیواى دیکەى سەربە وەزارەتى پێشمەرگە پڕ چەک بکەن و مەشق و راهێنانى سەربازییان پێبکەن، بە هەموو شێوەیەک ئامادەییان دەربڕیوە هاوکاری ئێمە بکەن، ئایا دواى ئەنجامدانى ریفراندۆم ئەمریکا بەردەوام دەبێت یان نا، ئەمە بابەتێکى سیاسییە و بابەتێکى جیاوازە لە بابەتى سەربازى".
"پەکەکە بۆ ململانێى پارتى و پێشمەرگە هاتووەتە شنگال"
دەربارەى بوونى پەکەکە لە شنگال سوپاسالارى پێشمەرگە گوتیشى: "چەندین جار لەلایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستان و سەرکردایەتى ئێمە و فەرماندە مەیدانییەکانى پێشمەرگە پەکەکە ئاگادار کراوەتەوە کە شنگال شوێنى ئەوان نییە و دەبێت دەربچن و مافى مانەوەیان نییە لە ناوچەکە، پەکەکە بۆ هاوکاریکردنى شنگال نەهاتوون، بەڵکو هەر لەسەرەتاوە ئامانج لە هاتنیان بۆ شنگال دژایەتى کردنى پارتى دیموکراتى کوردستان و بێ بەها کردنى خەباتى پێشمەرگە بووە".
ئەوەیشی گوت: "مانەوەى پەکەکە لە شنگال و تەواوى سنوورى شنگال لە بەرژەوەندى هیچ لایەک نەبووە، شارەدێى سنوونێ و کۆمەڵگەى خانەسۆر لە ساڵى ٢٠١٤ لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە لە چنگ داعش رزگار کراوە، تا ئێستا بەهۆى بوونى پەکەکە لە ناوچەکە ٥ لە سەدى ئاوارەکانى ناوچەکە نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان، بەڕاستى بوونى پەکەکە لە شنگال واتە بوونى کێشە، خەڵکى ناوچەکەیش دواى ئەو هەموو کارەساتەى داعش نایانەوێت جارێکى دیکە دووچارى کێشەیەکى دیکە ببنەوە سەرەڕاى ئەمەیش دواى پەڵکێشکردنى کوردانى ئێزیدى بۆ نێو پەکەکە لەژێر ناوى یەپەشە بۆ ئەنجامدانى پێشێلکارى ترسێکى گەورە لە دڵ و دەروونى هاووڵاتیاتى شنگال دروست کردووە".
دەشڵێت: "یەپەشە بێت یان یەپەگە بێت هەر ناو و نازناوێک بێت گرووپەکانى سەربە پەکەکە جا چ لە ئێران یان سووریا و عێراق بێت هەموویان لەژێر فەرمانى پەکەکەن و لە قەندیلەوە فەرمانیان بۆ دەردەچێت، لە ئێستادا پەکەکە گرووپێکى بە ناوى یەپەشە دامەزراندووە و نزیکەى هەزار چەکداریان هاوکارى دارایی و سەربازى لە حکوومەتى عێراق وەردەگرن لە چوارچێوەى حەشدى شەعبى، ئەو هەماهەنگییەى پەکەکە لەگەڵ حەشدى شەعبى و حکوومەتى عێراق و وڵاتانى هەرێمى کێشە دروست دەکات، قبووڵى ناکەین، هەر هەنگاوێک سنوورى خۆى هەیە، نایشارینەوە بوونى پەکەکە لە شنگال هۆکار بوو بۆ ئەوەى تورکیا بۆردومانى چیاى شنگالى کرد. دەبێت پەکەکە باش بزانێت ئێمە قبووڵى ناکەین پەکەکە خاکى هەرێمى کوردستان بۆ یەکلایی کردنەوەى کێشەکانى بەکاربهێنى".
"حەشدى شەعبى پاڵپشتى دارایی و سەربازى پەکەکە دەکات لە شنگال"
سوپاسالارى وەزارەتى پێشمەرگە، فەریق جەمال ئیمینکى هەماهەنگییەکانى نێوان پەکەکە و حەشدى شەعبى ئاشکرا دەکات دەڵێت "هەماهەنگییەکانى نێوان حەشدى شەعبى و پەکەکە لە ئاستێکى زۆر باشدایە و بەردەوامن لەسەر پەیوەندى و هەماهەنگییەکانیان و، حکوومەتى عێراق لە رێگەى حەشدى شەعبى پاڵپشتى دارایی و سەربازى پەکەکە دەکات و جگە لە مووچەى هەزار چەکداریان بۆ دابین دەکات، چەک و تەقەمەنشیان پێدەدات، لە بەرامبەریشدا پەکەکە بووەتە پردێک بۆ پەڕینەوەى حەشدى شەعبى بە ئامانجى دروستکردنى هیلالى شیعى کە ئێران داڕێژەرى پلانەکەیە، ئەمەیش لاى ئێمە قبووڵ نییە، دواى پێشێلکردنى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا لەلایەن حەشدى شەعبى بە هەماهەنگى چەند کەسانێکى پەکەکەى ئێزدى، پێویستە حکوومەتى عێراق بێتە سەرخەت بۆ چارەسەر کردنى کێشەکان، هەمان ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات کە لە نێوان هەرێمى کوردستان و عێراقدا کراوە".
ئیمینکى باس لە وەرگرتنى پێشمەرگەکانى سەربە هێزی پاراستنى ئێزدخان دەکات و دەڵێت "لەسەر بڕیارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان تا ئێستا هەزار چەکدارى ئێزدى سەربە هێزى پاراستنى ئێزدخان خراوەتە سەر وەزارەتى پێشمەرگە لەژێر ناوى هێزى پاراستنى ئێزدخانى سەربە وەزارەتى پێشمەرگە، بەهۆى قەیرانى دارایی زیاترمان وەرنەگرتووە، بەڵام خەڵکى شنگال و بە شایەنیان دەزانین و دەبێت سوود لەو چەکدارانەش وەربگرین".
لەبارەى ئایندەى مووسڵیشەوە سوپاسالارى وەزارەتى پێشمەرگە دەڵێت "پێکهاتەى پارێزگاى نەینەوا زۆر ئاڵۆزە، هەر کێشەیەکى سیاسى لە هەر ناوچەیەک هەبێت کێشەى ئەمنیش دروست دەبێت لە ناوچەکە، بۆیە پێویستە هەموو کێشە سیاسی و کارگێڕییەکان چارەسەر بکرێن، تاوەکو کێشەى ئەمنى لە مووسڵ و دەوروبەرى دروست نەبێت".
فەریق جەمال ئیمینکى ئاشکراى دەکات کە تا ئێستا حکوومەتى عێراق داواى بەشدارى پێشمەرگەى لە کۆنتڕۆڵ کردنەوەى شارۆچکەى حەویجە نەکردووە، دیاریش نییە کە دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارۆچکەى تەلەعفەر کۆنتڕۆڵ دەکرێتەوە یان پێش تەلەعفەر. بۆ پاراستنى ئاسایشى کەرکووک بە باشى دەزانین ناوچە کوردییەکانى سنوورى حەویجە لە دەست پێشمەرگە بێت.