Abdullah Abdulmanaf Shukur
25 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەوەکالەت، جان گادفرەی کۆبووەوە.
ماڵپەری فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ھەینی ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەوەکالەت، جان گادفرەی و شاندی یاوەری کردووە.
لە کۆبوونەوەکدا باس لە دوایین پەرەسەندنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ھەڕەشە و جموجۆڵەکانی داعش لە عیراق تاوتوێ کرا و لایەنەکان جەختییان لە پێویستیی چڕکردنەوەی ھەوڵەکان و ھاریکاری و میکانیزمێکی کارای ھەماھەنگیی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بە پشتگیریی ھێزەکانی ھاوپەیمان بۆ لەناوبردنی یەکجارەکیی داعش، بەتایبەتی لە ناوچەکانی بۆشاییی ئەمنی، کردەوە.
ھاوکات ھەردوولا کۆکبوون لەوەی بەردەوامیی پەلامارەکانی داعش ھەڕەشەی ڕاستەقینە و مەترسیی جددین بۆ ئاسایش و ئارامیی عیراق و سووریا، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە و تەنانەت بۆ وڵاتانی ئافریقاش، بۆیە داکۆکییان لەوە کردەوە کە شەڕی دژی داعش و توندڕەوی بە تەنیا لە ڕێگەی سەربازییەوە نابێت، بەڵکو دەبێ رێگە لە ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی تیرۆر و توندڕەوی بگیرێت. لەمبارەیەوە ئاماژە بە دۆخی کەمپی ھۆڵ لە سووریا کرا و جەخت لە پێویستیی کارکردن بۆ ڕێگری لە زەمینەی توندڕەوی کرایەوە.
لە پاڵ ئەمەش گرنگیی یارمەتیدان و ھاوکاریکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شەڕی داعش بۆ شوێنەکانیان، دووبارەبوونەی بەئامانجگرتنی ھێزەکانی ئەمەریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق، ھەوڵەکان و ھاوبەشی و ھاریکاریی ھەمەلایەنە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە، دۆخی ئێستا و داھاتووی سووریا و پرسی کورد لەو وڵاتە، کۆنفرانسی ھەفتەی داھاتووی وەزیرانی وڵاتانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە رۆما و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون کە کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە ھەولێر ئامادەی بوو.