Ömer Tuğrul Çam
25 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2021
برۆکسل - AA
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین رایگەیاند، بەمەبەستی پاڵپشتی کردنی پەنابەرەکانی سووریا، تاکو ساڵی ٢٠٢٤ بوودجەیەک بە بڕی سێ ملیار یۆرۆ بۆ تورکیا دابین دەکەن.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ئورسولا ڤۆن دێر لاین، دوای کۆتاییھاتنی لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەورووپا لە برۆکسل، لەگەل سەرۆکی کۆنسەی یەکێتی ئەورووپا چارلس میشێل و سەرۆکی خولی ئێستای یەکێتی ئەورووپا و سەرۆکوەزیرانی پورتوگال ئانتۆنیۆ کۆستا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ئەنجامدا.
ڤۆن دێر لاین، ئەوەی راگەیاند کە لە لووتکەکەی یەکێتی ئەورووپادا، تاوتوێی پەویەندییەکان لەگەڵ تورکیا و لەم چوارچێوەیەدا دۆخی پەنابەرانی سووریا کراوە و گوتی، "بە روونی رامانگەیاندووە کە بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی تورکیا، ئوردن و لوبنان و ھاوبەشەکانی دیکەی ناوچەکە کە میواندارێتی چەندین ملیۆن ئاوارەی سوورییان کردووە".
ڤۆن دێر لاین، ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشێکی زۆری قورسایی بارەکە لەسەر ناوچەکەیە، پاراستنی پەنابەران و پاڵپشتیکردنی ئەو وڵاتانەی کە میواندارێتیان دەکەن، لە بەرژەوەندیە ھاوبەشەکانی ئەورووپایە و گوتی، "بەمەبەستی پاڵپشتی کردنی پەنابەرەکانی سووریا، تاکو ساڵی ٢٠٢٤ بوودجەیەک بە بڕی سێ ملیار یۆرۆ بۆ تورکیا دابین دەکەین. تەواوی ئەم پارەیە لە بوودجەی یەکێتی ئەورووپاوە دێت و بۆ پاڵپشتیکردنی کۆمەڵایەتی و ئابووری پەنابەران خەرجدەکرێت".