Muhammet Ali Kemal
25 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2016
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا نەقیب جێف دەیڤس وێڕای ئاماژەدان بەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش رۆژ لەدوای رۆژ لەمووسڵ پێگەی زیاتر لەدەستدەدات، راشیگەیاند: ''رێکخراوەکە بەمەبەستی پارێزگارییکردن لە هێزی خۆی، بەردەوامە لە هێنانی جەنگاوەر لەدەرەوەی مووسڵەوە بۆ ناوەندی شارەکە''.
جێف دەیڤس لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا لە پێنتاگۆن، هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین دۆخی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ کرد و ئاشکرایکرد ''داعش بەردەوامە لە هێنانی جەنگاوەر لەدەرەوەی مووسڵەوە بۆ ناوەندی شارەکە'' و ئەو کەسانەش لە بنەڕەتدا کەسانی چەکدار نیین و لەلایەن رێکخراوەکەوە چەکیان دراوەتێ و ئەرکیان پێ سپێردراوە.
سەبارەت بە هێرشەکانی داعش بۆ سەر کەرکووک دەیڤس ئاماژەی بەوەکرد ئەوە جۆرێکە لە تاکتیکی ''درەنگ خستن'' و ''سەرلێشێواندن'' و ''رێکخراوەکە دەیەوێت لەم رێگەیەوە سەرنجی هێزەکان لەسەر ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ پەرش و بڵاوبکاتەوە''.
- روتبە کۆنترۆڵکراوەتەوە و پێکدادانەکان لەشنگال بەردەوامە
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا شارۆچکەی روتبەی سەر بە پارێزگای ئەنبار لەدەستی داعش دەرهێنراوە بەڵام هێشتا پێکدادانەکان لەدەورووبەری شنگال بەردەوامە.
باسی لەوەشکرد پێکدادان لە شارەدێی بەرتللە لە خۆرهەڵاتی مووسڵ درێژەی هەیە و شارەدێکە لەماوەیەکی کورتدا لەچەکدارانی داعش پاکدەکرێتەوە.
نەقیب جێف دەیڤس ئاشکراشیکرد شارەدێی باشیکەی باکووری خۆرهەڵاتی مووسڵ لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکراوەتەوە و ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ئەوەی بەتەواوەتی لەچەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش پاکبکرێتەوە، بەردەوامە.
دەیڤس سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنەوەی شارەدێی تلکێف باسی لەوەکرد کە ئامادەکارییەکان گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و ناوچەکە گەمارۆدراوە، لەماوەیەکی کورتدا لێرەش ئۆپەراسیۆنەکان دەستپێدەکات.
- ژمارەی ئەو کەسانەی لەمووسڵەوە کۆچیان کردووە
گوتەبێژی پێنتاگۆن زانیاریی سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی لەدەستپێکی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵەوە تا ئێستا لەشارەکەوە کۆچیان کردووە، زانیاریی نەدا و جەختی لەوەکردەوە لەژمارەیەک لەو ناوچانەی رزگارکراون، خێزانەکان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
هاوکات سەرچاوەکانی نێو پێنتاگۆن ئاماژە بەوەدەکەن کە 5 هەزار و 500 بۆ 6 هەزار کەس لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە مووسڵیان جێهێشتووە و نزیکەی هەزار و 500 کەس گەڕاونەتەوە ئەو ناوچانەی ئازادکراون.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە روونکردنەوەیەکی نووسراودا ئاماژەی بەوەکردووە لەرۆژی یەکەمی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی مووسڵەوە، 3 هەزار و 802 کەس لەو ناوچانەوە کۆچیان کردووە کە لەدەورووبەری مووسڵ ئازادکراون.
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەگەری هەیە چەکدارانی داعش خۆیان بخزێننە نێو ئەو کۆچبەرانەی کە شارەکە جێدەهێڵن، جێف دەیڤس رایگەیاند: ''ئەمە رێگەی تێدەچێت، بەڵام لێکۆڵینەوە لەرووی ئەمنییەوە لەو هاووڵاتییە سڤیلانەی کە مووسڵ جێدەهێڵن، ئەرکی حکوومەتی عێراقە''.
- گەنجینەکانی گۆگردی داعش
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا داعش گەنجینەکانی گۆگردی بۆ ئەوە سووتاندووە کە زیان بە سەربازانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بگەیەنێت، دەیڤس ئاماژەی بەوەکرد لێکۆڵینەوەیان لەبابەتەکە کردووە و لەگەڵ دەرچوونی دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانیشدا بۆ رایگشتی بڵاودەکەنەوە.
گوتەبێژی پێنتاگۆن سەبارەت بەو گازە ژەهراوییەی لە وێستگەکانەوە بڵاوکراوەتەوە و نزیکە لەبنکەی ئاسمانیی گەیارەوە، هیچ زیانێکی بە سەربازانی هاوپەیمانان نەگەیاندووە و رێوشوێنی پێویست سەبارەت بە هەڕەشە کیمیاوییەکان گیراوەتەبەر.
لەمیدیای ئەمریکییدا ژمارەیەک هەواڵ سەبارەت بەوەی لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی گۆگرد لە باشووری مووسڵ دەیان تۆن گۆگرد لەلایەن چەکدارانی داعشەوە سووتێنراوە، بڵاوکرابوویەوە. ئاماژە بەوەشکرابوو هێشتا زانیاریی پێویست لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەوەی کە زیانی بە سەربازان و هاووڵاتییانی سڤیل گەیاندووە یان نا.