Zana Natık Kerem
26 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2020
هەوڵیر ــ AA
دوێنێ سێشەممە بە بەشداریی سەرۆكوزیرانی عێراق، مستەفا كازمی و شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم و سەركۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی لووتكەی سێقۆڵیی عێراق، ئوردن و میسر لە عەممانی پایتەخی ئوردن بەڕێوەچوو.
ــ راگەیەندراوی كۆتایی لووتكەی سێقۆڵیی عێراق، میسر و ئوردن
دوای تەواوبوونی لووتكە سێقۆڵییەكە، هەر سێ وڵات راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە کە تیایدا هاتووە "هەر سێ وڵات جەختیان كردووەتەوە لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان بە ئامانجی قوڵكردنەوەی هەماهەنگی و هاوكاری و كاری ستراتیجیی نێوانیان لە بوارەكانی ئابووریی، سیاسیی، ئەمنیی، رۆشنبیریی و پرسی دیكە، ئەمەیش بۆ پاڵپشتیكردن لە كاری هاوبەش و بە ئامانجی رەخساندنی زەمینەیەکی بەرهەمدار لە چوارچێوەی هەماهەنگیكردنیی هەوڵەكان بۆ بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە".
بەپێی راگەیەندراوەكە، هەر سێ سەركردە، خۆشحاڵی خۆیان نیشانداوە سەبارەت بە ئاستی هەماهەنگی و هاوكاری سیاسیی و ستراتیجیی نێوان هەر سێ وڵات و جەختیان كردووەتەوە لەسەر گرنگیی بەهێزكردنی هاوكاری و پشتبەستن بە باشترین رێگا و میكانیزم بۆ بەجێگەیاندنی ئەو پەیوەندییە ستراتیجییە بەتایبەتی لە بواری ئابووری، كارەبا، پرۆژەكانی وزە، ناوچەی ئابووریی هاوبەش، سوودوەرگرتن لە توانا نیشتمانییەکان و هەوڵدان بۆ تەواوكاریی كردنی دەرامەتەكانی نێوان هەرسێ وڵات، بەتایبەتی لەسەردەمی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، بۆسەر ئاسایشی تەندروستیی و خۆراك و ئابووری.
ئەوەیش خراوەتەڕوو كە لە لووتكەكەدا، عەبدولەفەتاح سیسی و مستەفا كازی ستایشی ئەو بانگەوازەی شا عەبدوڵڵای دووەم-یان كردووە كە داوای رێكخستنەوەی جیهانگیری كردووە بە ئامانجی گەیشتن بە تەواوكارییەكی نێودەوڵەتی باش و زیادكردنی ئاڵوگۆڕی هاوكاری ئەرێنی نێوان وڵاتان كە دەبێتە مایەی گەشەپێدانی تواناكان و بەدیهێنانی بەرژەوەندی گەلان و بوژانەوەی جیهانیی.
هەروەها هەر سی سەركردە جەختیان كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە نابێت لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری هەبێت لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەر سێ وڵات لە كەرتە جیاوازەكان، پێویستە كەناڵی كردەیی بۆ بەردەوامیدان بە هاوكارییەكانی سێقۆڵیی بدۆزرێتەوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوی كۆتایی لووتكەکە، هەر سێ سەركردە وەزیرە پەیوەندیدارەكانی وڵاتەكانیان راسپاردووە لەوەی گرنگی بە هاوكارییەكانی نێوان هەر سێ وڵات لە بوارەكانی ئابووری، تەندروستیی، پزیشكیی، فێركردن، وزە، بازرگانی، ژێرخان وەبەرهێنان بدەن، جگە لەوەیش داوایان كردووە كە هاوكارییەكانی نێوان هەر سێ وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا قوڵ بكرێتەوە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە هەر سێ سەركردە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە بە دامەزراندنی سكرتاریەتێكی جێبەجێكردن نێوان عێراق، ئوردن و میسر پەرە بە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەر سێ وڵات بدرێت كە بارەگای سكرتاریەتییەكە هەر ساڵ جارێك لە یەكێك لەو سێ وڵات بێت و لەلایەن وەزارەتەكانی دەرەوەی عێراق، ئوردن و میسر بەڕێوە ببرێت.
باس لەوەیش كراوە كە هەر سێ سەركردە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتەكانیان راسپاردووە کە لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی سكرتاریەتیی جێبەجێكردن، ئامادەكاریی بۆ كۆبوونەوەكانی لووتكەی سێقۆڵیی و بەدواداچوون بۆ ئەنجامی لووتكەكان بكەن و راپۆرتی پێویست بۆ سەركردەكانیان بەرز بكەنەوە، بەدەر لەوەیش هەر سێ سەركردە لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان بۆ پتەوتركردنی هاوكاریی ئابووری نێوانیان داوایان كردووە لە پەراوێزی لووتكەی داهاتوودا، دیداری كار لەنێوان وەزیرانی بازرگانی و پیشەسازیی عێراق، ئوردن و میسر ساز بكرێت.
هەر بەپێی راگەیەندراوی كۆتایی لووتكە سێقۆڵییەكە، هەر سێ سەركردە پێشهاتەكانی هەرێمیی و نێودەوڵەتی و لەگەڵ هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی هەرێمیی و پتەوتركردنی ئاسایشی و ئاشتی هەرێمییان تاوتوێ كردووە.
سەبارەت بە فەڵەستین، هەرسێ سەركردە بە گرنگیان زانیوە كە پێویستە هەوڵەكان چالاك بكرێنەوە بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاشتییەكی دادپەروەر و گشتگیر كە سەرجەم ماف و داوا رەواكانی گەلی فەڵەستین بەدی بهێنێت، بەتایبەتی مافی دەوڵەتێكی سەربەخۆ کە خاوەن سەروەری خۆی بێت و پایتەختەكەیشی قودس بێت، ئەوەیش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەستپێشخەری ئاشتیی عەرەبی.
لە راگەیەندراوی كۆتایی لووتكە سێقۆڵییەكە هەروەها ئاماژە بەوە دراوە كە هەرسێ سەركردە جەختیان كردووەتەوە لەسەر چارەسەرکردنی ململانێیەكان بەپێی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و دەستپێشخەری ئاشتیی عەرەبی كە مافە راوەكانی گەلی فەڵەستین بەدی دەهێنێت، تاكە رێگە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەكی دادپەروەر و گشتیگر و هەمیشەیی لە ناوچەكەدا و راشیانگەیاندووە كە پێویستە ئیسرائیل دەست هەڵگرێت لە دەستبەسەرداگرتنی خاكی فەڵەستین.
هەروەها هەرسێ سەركردە بە گرنگیان زانیوە كە هەوڵەكان بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری سیاسیی بۆ قەیرانەكانی ناوچەكە بە تایبەتیش قەیرانەكانی سووریا، لیبیا و یەمەن بەپێی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی چڕ بكرێنەوە كە پاراستنی یەكپارچەیی و سەربەخۆی ئەو وڵاتانە دەستەبەر دەكات، هەروەها ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبیش دەپارێزێت و رێگری دەكات لە دەستوەردانە دەرەكییەكان لە شڵەژاندنی ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی.
لە راگەیەندراوی كۆتایی لووتكە سێقۆڵییەكەدا باس لەوەیش كراوە كە هەر سێ سەركردە سەبارەت بە پرسی بەنداوی نەهزە گفتوگۆیان كردووە و لەوبارەوە جەخیتانكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە ئاسایشی ئاوی كۆماری میسر بەشێكی دانەبڕاوە لە ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی و راشیگەیاندووە كە پێویستە رێككەوتنێكی دادپەروەرانە و هاوسەنگ لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان بكرێت كە ماف و بەرژەوەندی میسر و سوودان لەڕووی ئاواوە دەستەبەر بكات.
لە كۆتایی راگەیەندراوەکەی لووتكەی سێقۆڵیی عێراق، میسر و ئوردن هاتووە "لە لووتكە سێقۆڵییەكەدا، شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم و سەركۆماری میسر پاڵپشتیی خۆیان بۆ عێراق دووپات كردووەتەوە لە پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری و هەوڵەكان بۆ دەستەبەركردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەدیهێنانی خواستی گەلەكەی، لەگەڵ پتەوتركردنی ئەو سەركەوتنە گەورەیەی كە عێراق بە قوربانیەكی زۆر بەسەر رێكخراوی تیرۆریستیی داعش تۆماری كردووە".