Abdullah Shukur
10 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2016
لە دوای رێککەوتنی نێوان سعوودییە و میسر لەبارەی دیاریکردنی سنووری دەریای سوور، دوو دوورگەی ئەو دەریایە کەوتنە نێو سنووری سعوودییەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی میسر بە نووسراوێک رایگەیاند کە ھەردوو دوورگەی سەنافیر و تیران لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان ھەردوو وڵات، دەکەونە نێو سنووری سعوودییەوە.
راشگەیەنرا کە شاندی ھەردوو وڵات لەمبارەیەوە ١١ جار کۆبوونەتەوە.
رێککەوتنی دووبارە دیاریکردنەوەی سنووری دەریای سوور، رۆژی ھەینی رابڕدوو لە کۆشکی ئیتیحادییە لە شاری قاھیرە، بە بەشداری شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعوود و سەرکۆماری میسر عەبدولفەتاح ئەلسیسی واژۆ کرابوو.
شای پێشووتری سعوودیە، عەبدولعەزیز ئالسعوود لە ساڵی ١٩٥٠ داوای لە میسر کردبوو کە ئەمنییەتی ھەردوو دوورگەکە بپارێزێت. بەم پێیەش ھەردوو دوورگەی سەنافیر و تیران ماوەی ٦٦ ساڵە لە ژێر دەسەڵاتی میسر دایە. راشگەیەنرا کە ئەم دوورگەیە سەربە بنەماڵەی ئالسعوودە.
دوورگەی تیران دەکەوێتە گەرووی تیران ئەو شوێنەی کە دەریای سوور لە کەنداوی عەقەبە جیا دەکاتەوە. نزیکەی شەش کیلۆمەتر لە رۆژھەڵاتی نیمچە دوورگەی سیناوە دوورە و رووبەرەکەشی ٨٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. دوورگەی سەنافیریس دەکەوێتە رۆژھەڵاتی دوورگەی تیران و رووبەڕەکەی ٣٣ کیلۆمەترچوارگۆشەیە.