Saadet Firdevs Aparı,Aoezan Khoshnaw Najmuldeen
28 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2023
کۆپنهاگن - AA
بەرپرسێکی باڵای سەربازیی لە دانمارک ئەوەی ئاشکرا کرد کە وڵاتەکەی کێشەیەکی جیددی کەمی سەربازی هەیە.
بەگوێرەی هەواڵێکی هەفتەنامەی "CPH Post" جێگری فەرماندەی سوپای دانمارک، هێنریک لیهن لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی وڵاتەکەی باسی لەوە کردووە کە سوپای دانمارک خاوەنی پێشکەوتووترین جۆرەکانی چەکە، بەڵام لە رووی کەمی ژمارەی سەربازەوە کێشەیەکی جیددی هەیە.
هێنریک لیهن ئاماژەی بەوەشداوە کە وڵاتەکەی پێویستی بە چەند ساڵێک هەیە بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی سوپایەک کە ئامادەیی جەنگی هەبێت.
لیهن لە لێدوانەکەیدا بەگومانی خۆی دەربارەی توانای دانمارک بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ناتۆ خستەڕوو و رایگەیاند: "ئەمە بانگەوازێکی بەپەلەیە. لەبەر ئەوەی کێشەیەکی گەورەی کەمی سەربازمان هەیە رەوشەکە زۆر مەترسیدارە. ماوەی ٤٠ ساڵە لە ریزی هێزە سەربازییەکاندام و ئەم کێشەیە هیچ کات بە ئەندازەی ئێستا مەترسیدار نەبووە".
جێگری فەرماندەی سوپای دانمارک، هێنریک لیهن جەختی لەوەش کردەوە کە لەسەدا ٢٠ بۆ ٢٥ی پلە سەربازییەکانی ناو سوپای وڵاتەکەی پڕنەکراونەتەوە و گوتیشی: "ئامادەکردنی سوپایەک کە توانای جەنگی هەبێت، پێویستی بە چەند ساڵێکە".
وەزیری بەرگریی دانمارک، ترۆیلز لوند پۆڵسێن دانی بەوەدانا کە رەوشەکە مەترسیدارە، ئەوەشی خستەڕوو کە دەربارەی ئەم بابەتە دەستیان بە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی درێژ لەگەڵ هێزە سەربازییەکان کردووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کەناڵی "TV 2"ی دانمارکی خستوونیەتیەڕوو لە کۆی ١٧ "ئامانجی هێز" کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەوە دیاریی کراون، تەنها سیانیان بەدیهاتوون.