Davit Kachkachishvili
04 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2022
ئۆدیسا - AA
لە کاتێکدا جەنگی رووسیا-ئۆکراینا درێژەی هەیە، بەهۆی ئەو مینانەی لە ناوچەی ئۆدیسا باشووری ئۆکراینا دانراون، دەریا بەڕووی کەشتییەکاندا داخراوە و هاووڵاتییانیش ناتوانن بچنە ناو دەریاوە.
شاری ئۆدیسا کە نزیکەی ٢٠٠ کیلۆمەتر دوورە لە هێڵی خێرسۆن کە پێکدادانەکان تیایدا چڕە و ٩٥ کیلۆمەتریش لە شاری مایکۆڵایڤ دوورە کە رووسیا هێرشی ئاسمانیی چڕ دەکاتە سەری، سێیەم گەورە شاری ئۆکراینایە و بێ دەنگییەکی زۆر باڵی بەسەر ناوچەکانی کەنار دەریادا کێشاوە کە بووەتە جێی سەرنج.
شارەکە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی لە یەک ملیۆن کەس زیاترە و بە مرواری دەریای رەش ناوزەند دەکرێت، هەرچەندە وەرزی چوونە دەریاوە دەستی پێ کردووە، بەڵام ئەو شریتی ئەمنییەی قەدەغەی چوونە دەریا دەکات، ئاماژە بە مەترسی مین دەکات تیایدا.
سەرۆکی بەشی خزمەتگوزاری رۆژنامەوانیی لە هێزەکانی بەرگریی باشووری ئۆکراینا، ناتالیا گومینیوک لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لە رێوشوێنە ئەمنییەکانی شارەکە کرد.
ناتالیا گومینیوک باسی لەوە کرد کە سەرەڕای بەردەوامی جەنگ لە وڵاتدا، حکوومەتی ئۆکراینا هەوڵ و تەقەلای زۆر دەدات بۆ دابینکردنی ئارامی لە ناوچەکەدا و رایگەیاند ''رەوشی شاری ئۆدیسا و ناوچەکە ئارامە و لەژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکاندایە''.
سەرۆکی بەشی خزمەتگوزاری رۆژنامەوانیی لە هێزەکانی بەرگریی باشووری ئۆکراینا هەروەها باسی لەوە کرد کە دوورگەی یڵان سەربە ناوچەکە کەوتووەتەوە دەست هێزەکانی ئۆکراینا، بەڵام بەهۆی بەردەوامی جەنگەوە پێویستە هەمووان ئاگاداربن و پابەندی هۆشدارییە ئەمنییەکان بن.
گوتیشی: ''کەشتییە مووشەکهەڵگرەکانی رووسیا لە دەریای رەشدان. ئامانجی ئەوانە تەنیا ئۆدیسا نییە، بەڵکو هەموو ئۆکراینایە. تایبەتمەندی مووشەکەکان ئەوەیە کە دەگەنە هەموو شوێنێکی ئۆکراینا''.
گومینیوک ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو خەباتەی ئەمڕۆ ئۆکراینا دژبە رووسیا دەیکات لە راستییدا زۆر گرنگە بۆ هەموو ئەورووپا و گوتی: ''ئەمڕۆ ئێمە ناجەنگین تەنیا لە پێناو خاک و گەلی خۆماندا، بەڵکو لە پێناو پاراستنی ئەورووپا و هەموو جیهاندا دەجەنگین''.
ناتالیا گومینیوک ئاماژەی بەوە کرد کە فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بەردەوامن لە دروستکردنی مەترسیی گەورە، لەبەرئەوە پێویستییان بە چەکە دژبە هێرشە ئاسمانییەکان.
سەرۆکی بەشی خزمەتگوزاری رۆژنامەوانیی لە هێزەکانی بەرگریی باشووری ئۆکراینا باسی لەوەش کرد کە تا ئەمڕۆ مینە چێنراوەکان مەترسین لەسەر ناوچەی ئۆدیسا و رایگەیاند ''مینەکان لە مانگی ئادارەوە لە دەریادان. رووسیا ئەو مینانەی کردووەتە دەریای رەشەوە. لایەنی ئۆکراینا تەنیا مینی لەو شوێنانەدا چاندووە کە گومان دەکرێت لە دەریاوە سەرباز بچێتە وشکانییەوە''.
گوتیشی: ''مینەکانی دەریای رەش تەنیا مەترسی نین لەسەر کەشتییەکان، بەڵکو مەترسی گەورەشیان لەسەر مرۆڤەکان دروست کردووە. تا ئەمڕۆ دوو کەس کە چوونەتە دەریاوە بەهۆی ئەو مینانەوە گیانیان لەدەستداوە، کەسێکیش بریندار بووە. لەبەرئەوەیە چوونە دەریا قەدەغەیە''.