Azat Muhammet
30 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2017
دهۆک-AA
سەرۆکى لێژنەى بەدواداچوون و وەڵامدانەوەى راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، دیندار زێبارى رایگەیاند "حکوومەتى عێراق هیچ هاوکارییەکی پێشکەش بەکوردى ئێزدى نەکردووە، ئەوەى هاوکار و پاڵپشتى سەرەکى کوردى ئێزدى و ئاوارەکان بووە حکوومەتى هەرێمى کوردستان بووە و، ژمارەیەکى زۆر لە دەستبەسەرانى ژێر دەسەڵاتى داعش لەلایەن حکوومەتى هەرێم رزگار کراون. لە ئێستادا لەهەماهەنگیداین لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئەوەى چەند خولێک بۆ رزگاربووانى ژێر دەستى داعش بکەینەوە".
سەرۆکى لێژنەى بەدواداچوون و وەڵامدانەوەى راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، دیندار زێبارى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "لەم ساتەدا ناتوانین بڵێن حەشدى شەعبی هەڕەشەیە لەسەر ئایندەى عێراق و هەرێمى کوردستان، لەبەر ئەوەی تا ئەم ساتەى قسەى تێدا دەکەم پێشمەرگە و حەشدى شەعبى بڕیارى شەڕکردنیان دژى یەکترى نەداوە. بابەتى بۆردومانکردنى سەنگەرەکانى پێشمەرگە لەلایەن حەشدى شەعبى لایەنی سەربازی لێکدانەوەى بۆ دەکات. لە چوارچێوەى عێراقدا جۆرە فەرمییەتێک بەحەشدى شەعبى دراوە و، لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستانیش جگە لە هێزەکانى پێشمەرگە و وەزارەتى پێشمەرگە هیچ هێزێکى دیکەمان نییە کە لە دەروەى سیستەمى بەرگریدا بێت".
دیندار زێبارى لەبارەى ئایندەى هەرێمى کوردستان دواى نەمانى داعش گوتی: "عێراق، سووریا، لیبیا، بەحرێن و وڵاتانى کەنداو لە گۆڕانکارى خێرادان، هەرێمى کوردستان لەم گۆڕانکارییانە بێ بەش نییە، بۆیە خوازیارین لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەى کە لە ناوچەکەدا روودەدەن هەرێم بەرەو قۆناغێکى سەقامگیرى ئەمنى، سیاسى و ئابوورى ببات".
سەرۆکى لێژنەى بەدواداچوون و وەڵامدانەوەى راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان گوتیشی: "لە ئێستادا هەرێمى کوردستان لە ناوچەکە تاکە لایەنە کە باشترین رۆڵى گێراوە لە وەرگرتنى ئاوارەکان و تاکە لایەنە هەموو دەرگاکانى کردووەتەوە بەڕووى رێکخراوە نێودەوڵەتییان بۆ ئەوەى کارەکانیان بکەن. لە دانوستاندنى بەردەوامداین لەگەڵ ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییانەى کە لە هەرێم کارى رۆژانەیان دەکەن. لە زۆر بواریشەوە داواى هاوکاریمان لەو رێکخراوە نێودەوڵەتییانە کردووە".
دیندار زێباری گوتیشی: "یەکێک لە مەترسییەکانى دیکەى سەر ئایندەى عێراق و هەرێمى کوردستان بوونى ناکۆکییە لەنێوان پێکهاتەکانى عێراق کورد، شیعە و سوننە".
- "لە کۆى زیاتر لە ٣٠٠ رێکخراوى نێودەوڵەتى تەنها دوو رێکخراو رەخنەیان لە هەرێم گرتووە"
لەبارەى راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەرۆکى لێژنەى بەدواداچوون و وەڵامدانەوەى راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، دیندار زێباری گوتى: "حکوومەتى هەرێمى کوردستان شەفافە لە کارەکانی. لە هەرێم زیاتر لە ٤٠ کونسوڵگەرى و ٢١ ئاژانسی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان و زیاتر لە ٣٠٠ رێکخراوى نێودەوڵەتى کار دەکەن و هەموویان نامەى دەستخۆشى و رێزلێنانیان هەبووە بۆ رۆڵى حکوومەتى هەرێم، تەنها لە پارێزگاى دهۆک ١٠٠ رێکخراوى نێودەوڵەتى لە کەمپى ئاوارەکان و شوێنە جیاجیاکان هاوکارى و خزمەتى هاووڵاتییان دەکەن و لەنێو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا تەنها دوو رێکخراو هەن کە رەخنەیان لە حکوومەتى هەرێم گرتووە".
دیندار زێبارى سەبارەت بەو دوو رێکخراوە نێودەوڵەتییەى رەخنە لە هەرێمى کوردستان دەگرن، گوتى: "( Human Rights Watch) رێکخراوى چاودێرى مافەکانى مرۆڤ و (Amnesty International) رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتی رەخنە لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەگرن، راپۆرتەکانى ئەم دوو رێکخراوە نێودەوڵەتییە پشت بەبەڵگەى ناڕاست دەبەستن و لەسەر بنەماى پشتبەستن بەگوتەى چەند هاووڵاتییەکى ئاساییە کە بەهیچ شێوەیەک زانراو نییە کە ئەو هاووڵاتییانە کێن و لە کوێن".
سەرۆکى لێژنەى بەدواداچوون و وەڵامدانەوەى راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان گوتیشى: "بەڕاستى راپۆرتەکانى ئەم دوو رێکخراوە لە چوارچێوەى بابەتەکانى مافى مرۆڤ دەرچوون، بابەتەکان لە رادەبەدەر گەورە کراون، بەمەبەست مانیشێتى رەخنە لە راپۆرتەکانیان بڵاودەکەنەوە و بۆ ئەوەی ئامانجى ئەو رێکخراوانە بزانین دەبێت خۆیان وەڵامى ئەوە بدەنەوە کە ئامانجییان چییە ئەو هەموو رەخنە بێ بنەمایانە لە رۆڵى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەگرن".
دیندار زێبارى ئەوەیشى گوت "بەندیخانەکانى هەرێمى کوردستان چاودێرى نێودەوڵەتى تەواویان لەسەرە و بەپێى یاسا مامەڵە لەگەڵ بەندکراوان دەکرێت. رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتی ئەگەر لە راپۆرتەکانیدا کەیسێکى تایبەت لەبارەى بەندکراوەکان دەورژێنێت پێویستە وردەکارى بابەتە ئاشکرا بکات، چونکە ئاشکرانەکردنى ناوکە دەمێنێتەوە لەسەر ئەو مەبەستەى کارى لەسەر کردووە".
لەبارەى دۆخى مافى مرۆڤ لە مووسڵ دیندار زێبارى ئاماژەى بەوەدا کە بەبێ فشارى نێودەوڵەتى ژیانى ئاسایی بۆ مووسڵ ناگەڕێتەوە، چونکە لە سەردەمى دەسەڵاتى داعش هیچ مافێکى مرۆڤ بوونى نەبوو و کارەساتێکى گەورە بەسەر هاووڵاتییانى شارەکەدا هات جا چ لە رووى دەروونى بێت یان کۆمەڵکوژکردنى دانیشتووانەکەى بێت. ئێستا سەرەتاى قۆناغەکانى دەستپێکردنەوەى بابەتەکانى مرۆڤە لە مووسڵ.
لە کۆتاییدا سەرۆکى لێژنەى بەدواداچوون و وەڵامدانەوەى راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان رووى قسەکانى کردە حکوومەتى عێراق و بەکەمتەرخەم لە یارمەتیدانى کوردى ئیزدى وەسفى کرد و گوتى: "وێڕاى چەندین بەڵێن تا ئێستا حکوومەتى عێراق هیچ هاوکارییەکى پێشکەشى کوردى ئێزدى نەکردووە، بڕیار بوو خزمەتێک بەڕزگاربووانى ژێر دەستى داعش بکات. ئەویش لە چوارچێوەى قسە مایەوە نەچووە بوارى جێبەجێکردنەوە".