Zeynep Katre Oran,Ayşe İrem Çakır
10 تشرینی یەکەم 2025•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2025
ئەنقەرە - AA
بەھۆی خەباتی بۆ بەرگریی کردن لە مافە دیموکراتییەکانی ڤێنزوێلا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بەخشرایە ماریا کۆرینا ماچادۆ.
خەڵاتەکە لەلایەن دامەزراوەی نۆبڵی نەرویجییەوە لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج ڕاگەیەندرا.
بەھۆی ھەوڵەکانی ماچادۆ بۆ گواستنەوەیەکی ئاشتیانە و دادپەروەرانە لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دیموکراسیی و بەرگریی کردن لە مافە دیموکراتییەکانی گەلی ڤێنزوێلا بە شایستەی وەرگرتنی خەلاتەکە دانرا.
لیژنەی نۆبڵی ئاشتیی ڕایگەیاند کە ماچادۆ دامەزرێنەری ڕێکخراوی Sumateە و زیاتر لە ٢٠ ساڵە بەرگریی لە ھەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە دەکات و ڕۆڵێکی سەرەکی ھەیە لە یەکخستنی ئۆپۆزسیۆنی ڤێنزوێلادا.
ماریا کۆرینا ماچادۆ، سیاسەتمەدارێکی خەڵکی ڤێنزوێلایە و، لە ساڵی ١٩٦٧دا لەدایکبووە. ئەندازیاری و دارایی خوێندووە و لە ساڵی ١٩٩٢دا دەزگای ئەتێنیای دامەزراندووە بۆ هاوکاری کردنی منداڵانی بێ سەرپەرشتیار لە کاراکاس، لە ساڵی ٢٠٠٢ لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی Sumate بووە کە پشتیوانی لە ھەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە دەکات، لە ساڵی ٢٠١٠ بە بەدەستهێنانی دەنگێکی زۆر ھەڵبژێردراوە بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی و، لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن حکوومەتەوە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە، لەو کاتەوە لە پارتی ئۆپۆزسیۆنی "ڤێنتێ ڤێنزوێلا" بەردەوامە لە سەرکردایەتی کردن.