reva haci
25 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2019
کاراکاس-AA
سەرۆکی ڤێنیزوێلا نیکۆلاس مادۆرۆ رایگەیاند کە باڵیۆزخانە و كۆنسوڵخانەکانی وڵاتەکەی لە ئەمریکا دادەخات و تەواوی دیپلۆماتکارەکانیشی لەو وڵاتە دەکشێنێتەوە.
مادۆرۆ لە گوتارێکدا رایگەیاند کە بڕیاری داوە باڵیۆزخانەی ڤێنیزوێلا لە ئەمریکا دابخات.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا پچراندوەو گوتی، "بڕیارمان داوە باڵیۆزخانەکەمان لە ئەمریکا، تەواوی كۆنسوڵخانەکانمان دابخەین. هەموو دیپلۆماتکارەکانمان بانگهێشت دەکەین بۆ گەڕانەوە. رۆژی شەممە دێنەوە".
رۆژی چوارشهممه، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی ڤێنیزوێلا و سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، خوان گوایدۆ رایگەیاند کە حکوومەتەکەی مادورۆ ناناسێت و خۆی وهك سەرۆکی کاتی راگەیاند.
چەند رۆژێک لەمەوبەر گرووپێکی سەربازیی سەر بە یەکێتی پارێزگاریی نیشتمانی لە کاراکاس، لەرێگەی بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە داوایان لەخەڵک کرد کە راپەڕن.
دوای رووداوەکەی ناوچەی کۆتیزای شارەکەش ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام درا و، ٢٧ سەربازی یاخی خۆیان رادەست کردبوو.
هەریەک لە وڵاتەکانی ئەمریکا، کەنەدا، کۆڵۆمبیا، پیرۆ، ئیکوادۆر، پاراگوای، بەرازیل، شیلی، پەناما، ئەرجەنتین، کۆستاریکا و گواتیمالا دانیان ناوە بە خوان گوادیۆدا وەک سەرۆکی کاتیی ڤێنیزوێلا، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی ئۆپۆزسیۆندا خۆی وەک سەرۆکی کاتیی ڤێنیزوێلا ناساندبوو.