Zana Natık Kerem
28 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2017
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بەرگری لە هێزەكانی عێراق كرد لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی كە ئاراستەیان دەكرێت بەوەی لەمیانی شەڕ و پێكدادانەكانی دژبە داعش لە بەشی راستی مووسڵ رەچاوی پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل ناكەن.
لە میانی دیدارێكدا لەگەڵ ژمارەیەك راگەیاندنكار و شرۆڤەكارانی سیاسی لە بەغدا، حەیدەر عەبادی گوتی: "لەبارەی پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل لە مووسڵ، باكەس موزایەدەمان لەسەر نەكات چونكە هەر لەسەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەکە، ئەوەمان دووپاتكردەوە كە دەبێت رزگاركردنی مرۆڤ پێش كۆنتڕۆڵكردنەوەی خاك بێت".
سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتیشی: "ئامانج لەو بانگەشانەی کە باس لەوە دەکەن بەوەی هێزەكانی عێراق هاووڵاتییانی سڤیل دەكەنە ئامانج، پاڵپستی کردنی داعشە کە لە قۆناغی كۆتایی نزیک بووەتەوە، هەروەها راگرتنی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکانە بۆ عێراق لە شەڕی دژبە تیرۆر".
لە كۆتاییدا، حەیدەر عەبادی گوتی: "هەر زوو دەستمان بەلێكۆڵینەوە كرد و دوو لیژنەی لێكۆڵینەوەمان روانە كرد بۆ دەرخستنی راستییەكان لەبارەی تەقیینەوەكەی شاری مووسڵ كە بەهۆیەوە ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی سڤیل كوژران، بەپێی ئەنجامە بەراییەكان كە بەدەستمان گەیشتووە، رووداوەكە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەیە كە بڵاوبوونەتەوە و جگە لە راستییەكان هیچ شتێكی دیكە ناڵێین و متمانەمان بەهێزەكانمان هەیە لەوەی پابەندن بەفەرمانەكان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل".