Hamdi Yıldız
29 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2020
غەززە- AA
ئەندامی نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە بزووتنەوەی حەماس، باسم نەعیم لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر هەژماری ژمارەیەکی زۆر چالاکوانی فەڵەستینی داخستووە کە لەنێویاندا هەژمارەکەی خۆشی بە زمانی ئینگلیزی هەبووە.
باسم نەعیم هۆکاری ئەم کارەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە دەیانەوێت پرسی فەڵەستین نەیەتە ناو رۆژەڤ و راستییەکان لەبەرچاو نەبن، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر هەمان سیاسەتی چەند ساڵ لەمەوپێشی فەیسبووک دووبارە دەکاتەوە.
ناوبراو نووسیویەتی "بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە داوا رەواکەمان. هیچ کەسێک ناتوانێت بێدەنگمان بکات. رێگایەکی گونجاو دەدۆزینەوە بۆ گەیاندنی پەیامەکەمان. پێویستە ئیدارەی تویتەر بەشێوەیەکی بێلایەنانە رەفتار بکات و لە بەرامبەر فشاری هیچ لایەنێکدا رازی نەبێت. پێویستە دۆستانمان و پشتیوانانی داوای فەڵەستین رێگای جیاوازی فشار دروستکردن بگرنەبەر بۆ ئەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت تویتەر، بێلایەنی خۆیان بپارێزن و لەبەرامبەر هیچ فشارێک و بەتایبەت فشارەکانی ئیسرائیل چۆک دانەدەن".
لە قۆناغی رابردوودا بەرپرسانی واتسەپ، فەیسبووک و تویتەر چەندین هەژماری تایبەت بە چالاکوان و رۆژنامەنوسە فەڵەستینییەکانیان داخستووە.