Mazın Asad
16 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2016
ئەنقەرە
سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر ھەژماری خۆی لە تویتەر لەبارەی پرۆسەی گواستنەوەی كاروانەكان لە حەلەب، بە سێ زمان تویتێكی بڵاو كردەوە كە تێیدا ھاتووە: "ھەوڵە چڕەكانی توركیا لەبارەی ئاگربەستی حەلەب و درێژەدان بە گواستنەوەی كاروانەكان، رەنگە دوا ئومێد بێت بۆ ھاووڵاتییە بێتاوانەكانی حەلەب".
ئەردۆغان لەسەر ھەژماری "RT_Erdogan" لە تویتەر لەبارەی پرۆسەی گواستنەوەی كاروانی ھاووڵاتییانی سڤیل لە حەلەب تویتێكی بە زمانی توركی، عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو كردەوە.
سەركۆماری توركیا لە تویتەكەیدا رایگەیاند: "ھەوڵە چڕەكانی توركیا لەبارەی ئاگربەستی حەلەب و درێژەدان بە گواستنەوەی كاروانەكان، رەنگە دوا ئومێد بێت بۆ ھاووڵاتییە بێتاوانەكانی حەلەب. داوا لە گشت لایەنەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەم پشتگیری لە ئاگربەست و پرۆسەی گواستنەوەی كاروانەكانی حەلەب بكەن. توركیا گەلی حەلەبی بە تەنھا جێ نەھێشتووە و جێشیان ناھێڵێت. ھەرچییەكیش ببێت، ئێمە لە رزگاركردنی تاكە گیانێك گشت ھەوڵەكانمان دەخەینەگەڕ".