Ramal Mahmood
26 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2016
حەلەب - AA
لەئاکامی هێرشی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا و رووسیا بۆسەر گەڕەکە گەمارۆدراوەکانی حەلەب ژمارەی کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل گەیشتە ٨٥ کەس، لە کاتی کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکەوە تاکو ئێستا ژمارەی کوژراوان بەرزبووەتەوە بۆ ٤٤٤ کەس.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە کاربەدەستانی بەرگری شارستانی و نەخۆشخانە گەڕۆکەکانەوە بەدەستی کەوتووە، فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا و رووسیا بە بۆمبی هەوایی، بۆمبی فسفۆڕ و بۆمبی بەرمیلی بەچڕی گەڕەکە گەمارۆدراوەکانی حەلەبیان بۆردومان کردووە.
لەئاکامی ئەو هێرشانەدا پێنج هاووڵاتیی لە گەڕەکی خوڵڵوک، چوار هاووڵاتیی لە گەڕەکی قازی عەسکەری، دوو هاووڵاتیی لە قاترجی، یەک هاووڵاتیی لە ئارز حەمڕا، حەوت هاووڵاتیی لە بوستال ئەلباشا، پێنج هاووڵاتیی لە زیبەدییە، ١٨ هاووڵاتیی لە تارق ئەلباب، شەش هاووڵاتیی لە مویەسەر، هەشت هاووڵاتیی لە ساڵحین، ١٧ هاووڵاتیی لە ئەنساری، چوار هاووڵاتیی لە مەساکین فەنانو، یەک هاووڵاتیی لە مەرجە، لەگەڕەکی سەلاحەددینیش شەش هاووڵاتیی بوونەتە قوربانی کە بە گشتی ژمارەیان دەکاتە ٨٥ هاووڵاتیی سڤیل و ١٧٨ هاووڵاتیش بریندار بوون.
دوێنێش لەئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی رژێمی سووریا و رووسیا بۆ ئەو گەڕەکانەی لەژێر دەستی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانن ٩٢ کەس کوژران و ٢٧٣ کەسی دیکەش بریندار بوون. لە ١٩ی ئەیلوولەوە تاکو ئێستا لەئاکامی بۆردومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا و رووسیا ٤٤٤ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و هەزار و ٥٨٥ هاووڵاتیش بریندار بوون.
ئاگربەستەکەی سووریا لە ١٢ی ئەیلوول کە ئەمریکا و رووسیا رۆڵی سەرەکیان هەبوو لە راگەیاندنی، لە ١٩ی ئەیلوول رژێمی بەشار ئەسەد رایگەیاند کە کۆتایی پێهاتووە و لەگەڵ سووپای رووسیا بە چڕی دەستیکردووە بە بۆردومانکردنی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی شاری حەلەب کە لەژێردەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریادایە.