Ramal Mahmood
24 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2017
نەتەوە یەکگرتووەکان – AA
بەهۆی کێشەی تەکنیکی و ئەمنی سەدان هەزار کەس لە هەردوو شاری حەلەب و دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەریان بەدەست نەبوونی ئاوەوە دەناڵێنن.
نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا بەهۆی ئەوەی لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ ـەوە سیستەمی تۆڕی ئاوی کانیاوەکانی فیجە کە ئاوی لێ دەگوازرێتەوە بۆ دیمەشق لەکارکەوتووە و بەوهۆیەوە پێنج ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لەو شارە و ناوچەکانی دەوروبەری بەدەست نەبوونی ئاوەوە دەناڵێنن.
راگەیەندراوەکە ئەوەی خستووەتە روو کە بەهۆی شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکە مانگی سووری سووریا و تیمە تەکنیکییەکان ناچاربوون کارەکانی نۆژەنکردنەوەی سیستەمی تۆڕی ئاوەکە رابگرن، تیشکیشی خستووەتە سەر ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە بە زووترین کات سیستەمی تۆڕەکە نۆژەن بکاتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی تێکچوونی سیستەمی تۆڕی ئاو لە رۆژهەڵاتی حەلەب لە ١٤ی ئەم مانگەوە، یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس لە حەلەب بەدەست نەبوونی ئاوەوە دەناڵێنن.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە داوە کە داعش رێگەی بەتیمەکانی نۆژەنکردنەوە نەداوە روو بکەنە ئەم ناوچەیە کە لەژێر دەستی ئەو رێکخراوە دایە، بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی دیکە هەوڵ دەدەن لە رێگەی تانکەری ئاوەوە ئاو بگەیەننە ئەم ناوچانە.