Esat Fırat
18 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2021
قودس - AA
بەهۆی هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن جوولەکە دەمارگیرەکانەوە لەژێر پاسەوانی پۆلیسی ئیسرائیل، گرژییەکانی ناو حەرەمی پیرۆز و قودسی خۆرهەڵاتی داگیرکراو، حکوومەتی فەڵەستین هۆشداری دا بە حکوومەتی تەل ئەبیب.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی فەڵەستین بڵاویکردەوە کە حکوومەتی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن جوولەکە دەمارگیرەکانەوە لەژێر پاسەوانی پۆلیسی ئیسرائیل و ئەو پێشێلکاریانەی کراون، ئیدانە کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە ئەو گوشارانە هەڕەشە لە متمانە و سەقامگیری دەکەن و هەستی ئایینی فەڵەستینییەکانی وروژاندووە، جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە حکوومەتی ئیسرائیل بەرپرسی ئەو گرژیەیە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە ئەو شەڕفرۆشتنەی ئیسرائیل، سنگ دەرپەڕاندنە بەرامبەر بانگەوازی حکوومەتی ئەمریکا بۆ پاراستنی پێگەی مێژوویی قودس.
- رووداوەکانی مزگەوتی ئەقسا
لە کاتەکانی بەیانییەوە هەزار و ٢١٠ جوولەکە بە پاسەوانی پۆلیسی ئیسرائیل بەبۆنەی رۆژی ماتەم کە پێی دەڵێن Tisha B'Av و بە ساڵیادی رووخاندنی پەرستگای سولەیمان دادەنرێت، هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا.
لە حەرەمی پیرۆز گرژی لەنێوان پۆلیسی ئیسرائیل و ئەو فەڵەستینییانە دروست بوو کە کاردانەوەیان نیشان دا لەهەمبەر هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن جوولەکە دەمارگیرەکانەوە.
پۆلیسی ئیسرائیل فیشەکی پلاستیکی و غازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا و ژمارەیەکی زۆر فەڵەستینی دەستگیرکرد.
هاوکات پۆلیسی ئیسرائیل بەربەستی لەبەدەم هەموو دەروازەکانی ناوچەی شاری دێرین دانا کە مزگەوتی ئەقسای لەنێودایە و رێگەی نەدا ئەو فەڵەستینییانە بچنە مزگەوتەکەوە کە تەمەنیان لە خوار ٤٠ ساڵەوەیە.
لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن جوولەکە دەمارگیرەکانەوە لە دوای نیوەڕۆشدا بەردەوام بێت، گرژییەکانی دەوری مزگەوتەکە درێژەی هەیە.