Zana Natık Kerem
18 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجەبار رایگەیاند، پێشبینی دەکەن کە رێککەوتنەکەی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنان، وەک خۆی بمێنێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ یەکشەممە، وڵاتانی ئۆپێک پڵەس کۆببنەوە کە لە میانیدا بڕیار لەسەر درێژکردنەوە یان درێژنەکردنەوەی رێککەوتنی نێوانیان دەدەن سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنان تا کۆتایی مانگی ئابی داھاتوو.
لەمبارەیەوە وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجەبار لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە دا کە پێشبینی دەکرێت، وڵاتانی ئۆپێک پڵەس لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی ئێستا رێکبکەون، بەڵام ئەگەری ھەیە رێگە بە ژمارەیەک وڵاتی ئەندام لە ئۆپێک بدرێت، ئاستی بەرھەمھێنانی خۆیان زیاد بکەن.
ئێحسان عەبدولجەبار گوتیشی: "بە گشتیی پێشبینی دەکەین، رێککەوتنەکەی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنان، وەک خۆی بمێنێتەوە، ئەوەیش بە ئامانجی بەدیھێنانی سەقامگیری بۆ بازاڕەکانی نەوت".