Enes Canlı
27 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2022
قودس – AA
حکوومەتی ئیسرائیل واژووی لەسەر رێککەوتنی پەیوەندیدار بە کێشانی سنووری دەریایی لەگەڵ لوبنان کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند لە دانیشتنی تایبەتی حکوومەتدا رەزامەندی لەسەر رێککەوتنی پەیوەندیدار بە کێشانی سنووری دەریایی درا کە بە نێوەندگیری ئەمریکا، ئیسرائیل و لوبنان لەسەری گەیشتوونەتە رێککەوتن.
لە کردنەوەی دانیشتنە تایبەتەکەدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یائیر لاپید رێککەوتنەکەی بە "سەرکەوتنی مێژوویی" لەقەڵەم دا و ئاماژەی بەوە دا کە رێککەوتنەکە ئاسایشی ئیسرائیل بەهێز دەکات و "ئازادیی جموجۆڵی وڵاتەکەی بەرامبەر حزبوڵڵا" بەدی دەهێنێت.
یائیر لاپید ئاماژەی بەوە دا کە زۆربەی دامەزراوەکانی وەک وەزارەتی بەرگریی، سوپا، ئاژانسی هەواڵگریی و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئیسرائیل (Mossad) و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بەهۆی "دابینکردنی پێویستیی ئەمنی رەزامەندییان لەسەر رێککەوتنەکە دەربڕیووە"، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەن کرد کە رۆڵیان هەبووە لە گەیشتن بەو رێککەوتنە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل واژووکردنی رێککەوتنەکەی لەگەڵ لوبنان کە پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵ یەکتردا نییە و لە دۆخی جەنگدان وەک "سەرکەوتنی دیپلۆماسی" لەقەڵەم دا و ئاماژەی بەوە دا لە رێگای ئەم رێککەوتنەوە، لوبنانیش دانی بە ئیسرائیلدا نا.
یائیر لاپیر ئاماژەی بەوە دا کە لە ئەنجامی رێککەوتنەکە، وڵاتەکەی دەستی کردووە بە بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی سروشتیی کاریش کە بۆ خۆی دەمێنێتەوە، سەرنجی خستە سەر ئەوەی بەپێی رێککەوتنەکە داهاتی لەسەدا ١٧ی کێڵگەی گازی سروشتیی قانا، بەدەست دەهێنن کە بۆ لوبنان دەمێنێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یائیر لاپیر تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ١٥ رۆژ لەمەوبەر دەقی رێککەوتنەکەیان پێشکەشی پەرلەمانی ئیسرائیل کردووە، لیژنەکانی دەرەوە و بەرگریی پەرلەمان تاوتوێیان کردووە و راوێژیش لەگەڵ لیژنەی خوارووی هەواڵگرییش کراوە لەبارەی بەشی نهێنی رێککەوتنەکەوە.
یائیر لاپید بە ئاماژەدان بەو داوایانەی ئۆپۆزسیۆن کە لە دادگای باڵای ئیسرائیل لە دژی واژووکردنی رێککەوتنەکە لەلایەن حکوومەتەوە تۆمارکراون، رایگەیاند کە دادگا بە کۆی دەنگ ئەو ناڕەزایەتییانەی رەتکردووەتەوە و حکوومەتەکەی بە راست زانیوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "ئیسرائیل ئەمڕۆ لە بوارە ئەمنیی، ئابووریی و دیپلۆماسییەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. پیرۆزە لە هەموو لایەک".
- هیچ رێوڕەسمێکی هاوبەش بۆ رێککەوتنەکە رێکناخرێت
بەهۆی ئەوەی کە هەردوو وڵاتی دراوسێ پەیوەندی دیپلۆماسییان لەنێواندا نییە و لە دۆخی شەڕدان، هیچ رێوڕەسمێکی هاوبەش بۆ ئاڵوگۆڕی دەقی رێککەوتنەکە ئەنجام نادرێت.
شاندەکانی لوبنان و ئیسرائیل لە بارەگای هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (UNIFIL) لە ناوچەی ناقورە باشووری لوبنان دەقی رێککەوتنەکە ئاڵوگۆڕ دەکەن.
- ئەو پێواژووە سەختەی کە ئیسرائیل و لوبنانی گەیاندە رێککەوتن
کێشە لەسەر رووبەری نزیکەی ٨٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە گۆڕەپانی دەریایی لەنێوان ئیسرائیل و لوبناندا هەیە.
هەریەکە لە ئیسرائیل و لوبنان، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەم ناوچەیەدا، مافی قەڵەمڕەوی دەریاییان هەیە.
لای خۆشییەوە ئیسرائیل باس لەوە دەکات کە لە کاتێکدا حکوومەتی لوبنان دەستی بە قۆناغی تاپۆکردن کردووە لە کۆی پێنج بلۆکی قەڵەمڕەوی دەریایی، سێ بلۆکیان لە سنووری ئیسرائیلدا بوون. حکوومەتی لوبنانیش، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناوچە کێشەلەسەرەکە دوو هەزار و ٢٩٠ کیلۆمەتر دووجایە.
دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل کە بە نێوەندگیری ئەمریکا بەڕێوە دەچوو لە دوای راگەیاندنی کۆتایی هاتنی کارکردنی ئیسرائیل بۆ دەرهێنان و گەڕان بە دوای گازی سروشتی لە کێڵگەی کاریش لە پێنجی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا، خێراتربوون.
لەپاڵ خێرابوونی دانوستانەکانیشدا، هەڕەشەکانی حزبوڵڵای لوبنانی بۆسەر ئیسرائیل زیادیان کرد.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یائیر لاپید لە ١١ی تشرینی یەکەمدا، ئەوەی راگەیاند کە لەگەڵ لوبنان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکانیان.
هەروەها سەرۆکایەتی کۆماری لوبنان، ئەوەی خستبووەڕوو کە ئەو رەشنوسەی ئەمریکای نێوەندگیر لە دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل ئامادەی کردووە، هەموو مافەکانی لوبنانی تیادا پارێزراوە.
سەرکۆماری لوبنان، مێشێل عەون لە ١٣ی تشرینی یەکەمدا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە دوای حکوومەتی تەل ئەبیب، ئەوانیش رەشنوسی کۆتایی رێککەوتنی تایبەت بە دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکانیان پەسەند کردووە.