Dildar Baykan Atalay
16 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2022
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن هۆشداری دا بە رووسیا لە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکراینا و رایگەیاند "بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراینا پێویستە هەموو رێگایەکی دیپلۆماسیی بگیرێتەبەر".
جۆ بایدن لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە کۆشکی سپی هەڵسەنگاندنی بۆ دوا پێشهاتەکانی ئۆکراینا کرد.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا، هەر لە سەرەتای دروستبوونی گرژیی و ئاڵۆزییەکانەوە لەنێوان ئۆکراینا و رووسیا هەڵوێستی روونی خۆیان خستووەتە روو و گوتی: "ئەمریکا ئامادەیە بۆ هەر هاوکارییەک. لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیریی ئەورووپا شانبەشانی هاوپەیمانانمان ئامادەین کێشەکان بەڕێگەی دیپلۆماسیی چارەسەر بکەین. لەهەمان کاتیشدا لە ئەگەری هەر هێرشکردنێکی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا بێدەنگ نابین و وەڵامی توندمان دەبێت".
جۆ بایدن گوتیشی: "ئەمریکا هەمووکات لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکان بووە بەڕێگەی دیپلوماسیی و ئاشتیاییە، پێویستیشە لەم رێگەیەوە هەموو چانسێک بە لایەنی بەرامبەر بدرێت".
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کشانەوەی بەشێک لە یەکە سەربازییەکانی رووسیا لە سنووری ئۆکراینا لەلایەن وەزارەتی بەرگریی رووسیا و گوتی: "ئەمە هەواڵێکی دڵخۆشکەر بوو، بەڵام هێشتا تەواو دڵنیا نین کە یەکە سەربازییەکانی رووسیا گەڕابنەتەوە بنکە سەرەکییەکانیان. شرۆڤەکارانمان ئەوە دەخەنە روو کە رووسیا هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئۆکراینا".
- لەسەر سنوورەکانی ئۆکراینا و بێلاڕووس زیاتر لە ١٥٠ هەزار سەربازی رووسی هەن.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئاماژەی بەوە دا، لەسەر سنوورەکانی ئۆکراینا و بێلاڕووس زیاتر لە ١٥٠ هەزار سەربازی رووسیی هەن و گوتی: "بۆیە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەمان لە کیێڤ-ەوە بۆ خۆرئاوای ئۆکراینا گواستەوە. داواش لە هاووڵاتییانمان دەکەین بەزووترین کات ئۆکراینا جێبهێڵن. بەرامبەر بە پلانەکانی رووسیا شەفاف مامەڵە دەکەین تاوەکو هەموو لایەک راستیی بارودۆخەکەیان بۆ روون ببێتەوە".
جۆ بایدن ئەوەی وەبیرهێناوە کە ئەمریکا چەندین پێشنیازی خستووەتە بەردەست رووسیا و ناتۆ و گوتی: "ئێمە بنەما سەرەکییەکانمان ناکەینە قوربانی. گەلان مافی پارێزگاریکردن لە یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی خۆیان هەیە، بەڵام دووبارە بوار بۆ چارەسەرکرنی کێشەکان و کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانیش بە رێگەی دیپلۆماسیی هەیە".
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا ئۆکراینا یاخود ناتۆ هیچ مەترسییەکیان بۆسەر رووسیا نییە و گوتی: "بەدوای تێکدانی سەقامیگریی رووسیاوە نین، هاووڵاتییانی رووسیا دوژمنی ئێمە نین. لەو بڕوایەشدا نیم ئێوە بەنیازی جەنگان بن بەرامبەر بە ئۆکراینا، چونکە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا پەیوەندییەکی مێژوویی و کولتووریی زۆر قوڵتان هەیە".
جۆ بایدن تیشکی خستەسەر ئەوەی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا بێ هۆکار و بیانووە و گوتیشی: "ئەگەر رووسیا، ئۆکراینا داگیر بکات ئۆکراینا زیانێکی مرۆیی زۆر گەورە و تراجیدیای بەردەکەوێت. هێرشی رووسیا لەلایەن هەموو وڵاتانەوە سەرکۆنە دەکرێت. دونیا ئەوەی لەیاد ناچێت کە رووسیا هۆکاری روودانی ئەو تراجیدیایە دەبێت".
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا لە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیا، گەمارۆ و سزای سەخت بەسەر رووسیادا دەسەپێنن و گوتی: "دەربارەی ئەو دوو بۆرییەی کە لە رووسیاوە گاز دەگوازنەوە بۆ ئەڵمانیا لە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکراینادا، گواستنەوەی گاز بەو بۆرییانەدا دەوەستێت".
جۆ بایدن جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە کە هێزی سەربازیی رەوانەی رووسیا ناکەن، بەڵام لەگەڵ ناتۆدا لەسەر هێڵن و ئامادەن هەموو هاوکارییەک پێشکەش بکەن و گوتی: "خۆشحاڵ نیم بەو هەنگاوانەی دژبە رووسیا دەیگرینە بەر، چونکە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کاریگەری لەسەر نرخی وزە هەبێت. لەم روانگەیەوەشەوە لەگەڵ بەکارهێنەر و بەرهەمهێنەرانی وزەدا لەسەر هێڵ دەبین و هەنگاوی هاوبەش دەنێین".
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە کۆتاییدا رایگەیاند لە رێگەی کۆنگرەوە پرس و را دەربارەی قەیرانی ئۆکراینا دەکەین و گوتی: "ئێمە نامانەوێت لەگەڵ رووسیا راستەوخۆ بکەوینە پێکدادانەوە، بەڵام ئەگەر رووسیا بیەوێت زیان بە هاووڵاتییانی ئەمریکا لە ئۆکراینا بگەیەنێت وڵامی توندمان دەبێت. لە ئەگەری زەرەر گەیاندنی رووسیا بە کۆمپانیاکانمان یاخود هاوپەیمانانمان، دووبارە کاردانەوەی توندمان دەبیت".