Zeynep Beyza Kılıç
16 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2022
ئەنقەرە - AA
دوای راگەیاندنی کشانەوەی بەشێک لە یەکە سەربازییەکانی رووسیا لەسەر سنووری ئۆکراینا، نرخی غازی سروشتیی لە ئەورووپا دابەزی.
ئەم کشانەوەیە وای کرد گرێبەستەکانی مانگی ئاداری داهاتوو خاڵی بازرگانیی غازی سروشتیی کە ناوەندەکەی لە هۆڵەندایە، بەڕێژەی سەدا ١٥ دابەزین بەخۆوەببینێت.
دوێنێ گربەستەکانی غازی سروشتیی لە مانگی ئاداری داهاتوودا، تا ٨٣ دۆلار و ٦٠ سەنت بەرزبووەوە و رۆژەکەی بە ٨٠ دۆلار و ٧٧ سەنت تەواو کرد، بەڵام ئەمڕۆ نرخی گرێبەستەکان بەڕێژەی سەدا ١٥ دابەزینیان بەخۆوەبینی و گەیشتە ٦٨ دۆلار و ٥٠ سەنت.
جێی ئاماژەیە ئەورووپا نزیکەی سەدا ٤٠ی غازی سروشتیی کە دەکاتە نزیکەی ١٧٥ ملیار مەتر دووجا لە رووسیاوە هاوردە دەکات.
بەرپرسانی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ئەوەیان ئاشکرا کردبوو کە جگە لە رووسیا سەدا ٣٨-٣٩ی غازی پێویست بۆ وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە لەلایەن نەرویج-ەوە دابین دەکرێت.
لە لایەکی دیکەشەوە کشانەوەی بەشێکی یەکە سەربازییەکانی رووسیا بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت، دوێنێ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت بۆ ٩٦ دۆلار و ٢٦ سەنت بەرزبووەوە، بەڵام کاتژمێر ٠٩:٥٠ی بەیانی ئەمڕۆ نرخەکان بە رێژەی سەدا ٢،٩٠ دابەزینیان بەخۆوەبینی و گەیشتە ٩٣ دۆلار و ٣٨ سەنت.