Mazın Asad
04 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2016
ئەنقەرە
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری لە رێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی یەشیلئای کرد و گوتەیەکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا گوتی: "ئەمڕۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا میوانی من بوو. ئێوە ھاوکاری ئێمە بکەن یان نەکەن، ئێمە وەک رۆژئاوا دەرگامان لەسەر ئەو پەنابەرانە دانەخست. بەردەوامیش دەبین لە دەرگا کردنەوە. بەڵام ئێوەش کەمێک ویژدانتان ھەبێت. ئێوە وا بیردەکەنەوە کە تورکیا ئەم پەنابەرانە بۆ رۆژئاوا دەنێرێت. ئێوە واز لەم بۆچوونە بھێنن و وەرن با ھاوکاری یەکتر بین. من دەمەوێت بە ئێوە بڵێم چارەسەر چییە؟ دەتوانرێت شارێک بە درێژایی چوار ھەزار و ٥٠٠ کیلۆمەتر لە باکووری سووریا دابمەزرێنین"
ھەروەھا گوتی:"ھاوکات دەکرێت ئێمە ژێرخان و سەرخانی ئەو شارە دروست بکەین. ئێوە دەزانن ئێمە لە بواری بیناسازی باشین. دەتوانرێت وڵاتانی دیکەش بەشدار بن و بەم پێیەش ئەوەی کە لە سووریا دێتە دەرەوە با لەم شوێنە جێگیریان بکەین. ھاوکات دەتوانین ئەوانەی تورکیاش لەو شوێنە جێگیر بکەین. ئەم پلانەمان لەگەڵ بەڕێز ئۆباماش باس کرد بەڵام ھەتا ئێستا ھیچ ھەڵوێستێک لەمبارەیەوە نییە. بەداخەوە ئەگەر ئەمە نەکرێت کارەکە درێژەی دەبێت و دواتر کە کێشەکە دەگاتە دەرگاکان ئینجا گلەیی و گازەندە دەکەن".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا سێیەم وڵاتە لە پێشکەشکردنی زۆرترین ھاوکاریی مرۆیی لە جیھان و زیاتر گوتیشی: "لە پێشکەشکردنی ھاوکاریی مرۆیی لە ریزی سێیەمینین بەڵام کاتێک لە رووی داھاتی وڵاتەوە سەیری بکەین تورکیا لە پلەی یەکەمە، چونکە ئێمە وەک ئەوان ناڕوانینە بابەتەکە. تەنھا لە ماوەی پێنج ساڵدا ١٠ ملیار دۆلارمان بۆ پەنابەرانی سووری خەرج کردووە. بێجگە لەم بڕە دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و شارەوانییەکانیش ھاوکارییان پێشکەش کردووە. گشت ئەم پارانە لە بوودجەی وڵات دەردەچێت".
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی ھاوکاریی مرۆیی بۆ پەنابەران روونی کردەوە کە بە روانگەی بەدەستخستنی بەرژوەندییەوە ھەڵسوکەوت ناکەن و زیاتر گوتیشی: "لە شارستانێتی و نرخەکانی ئێمە بابەتەکە جیاوازە. ئەو دەستەی دەیدات پیرۆزترە لەو دەستەی وەری دەگرێت. رۆژئاوا چیمان پێ دەڵێت؟ ئێمە سێ ملیارتان پێ دەدەین. سەیر بکەن چوار مانگ بەسەر ئەم بەڵێنە تێپەڕ بوو، ھێشتا دەڵێن دەیدەن".